قەدەغەی گەشتی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا درێژ کرایەوە

تورکیا بۆ جارێکی تر قەدەغەى گەشتى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتىی سلێمانى بۆ وڵاتەکەى درێژ کردەوە و تا بەروارى 7ـى کانونى یەکەمى ئەمساڵ هیچ فڕۆکەیەک لەو فڕۆکەخانەى سلێمانیەوە ناتوانێت بۆ تورکیا بفڕێت و بە پێچەوانەشەوە لە تورکیاوە هیچ فڕۆکەیەک نافڕێت بەرەو ئاسمانى سلێمانى، بەردەوام بوونى ئەم بڕیارەش زیانى زۆرى بۆ ئابووریى پارێزگاى سلێمانى هەیە.

ساڵێک و دوو مانگە هیچ فڕۆکەیەک لەم فڕۆکەخانەوە بەرەو وڵاتى تورکیا گەشتى نەکردووە، هاوکات لە تورکیاشەوە هیچ گەشتێک بۆ ئێرە نەکراوە، ئەو فڕۆکانەشى کە ترانزێتى وڵاتى تورکیان ناتوانن بێنە ئاسمانى سلێمانى. لە نویترێن پێشهاتیشدا تورکیا بڕیارى ئەو قەدەغەیەى تا 7ـى مانگى 12ـى ئەمساڵ درێژ کردەوە. کۆمپانیا گەشتیارییەکان کە زیانی زۆریان کردووە و دەڵێن، "داهاتمان زۆر کەم بووەتەوە".

عەتا ئەنوەر، سەرۆکى لقى سلێمانى نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سلێمانی و دەوروبەری بەلایەنی کەمەوە 190 بۆ 195 کۆمپانیاو نوسینگەی تێدایە لە %60 بۆ 65 کە نزیکەی 115 کۆمپانیا و نوسینگەی گەشتیاری دەکات، کارەکانمان لە %70 تا 80 بۆ تورکیا بووە، چونکە تورکیا بەو سروشتە جوانەی کە هەیەتی و بەو شوێنە گەشتیاریەی کە هەیەتی هەمو وکات خواستی زۆری لەسەرە. تەنانەت بۆ کاتی گەشتەکانیش ئەو هاوڵاتیانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وەکو ترانزێت تورکیایان بە کارهێناوە؛ ئەمانە هەمووی زیانی هەیە کۆمپانیاو نوسینگەکان لە زەرەردان.

هاووڵاتییانی سلێمانی کە گەشت بۆ تورکیا دەکەن، دەبێ فڕۆکەخانەى هەولێر یان کەرکوک بەکاربهێنن، کە ئەمەش خەرجیەکى زیاتریان لەسەر دەکەوێت، بە بڕواى ئابووریناسانیش ئەم بڕیارە کاریگەرىی نەرێنی دەبێت، چونکە وادەکات کە چالاکى ئابوورى لە سلێمانى کەم ببێتەوە.

کامەران قادر، پسپۆڕى ئابوورى دەڵێت، "دوو کاریگەری هەیە کاریگەریی هەیە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی یەکەم بۆ ئەم زۆنە، کاریگەری ئابووری خراپی هەیە، دووەم کاریگەری حکوومەتی هەرێم ئەو داهاتەی کەلە فڕۆکەخانەکانەوە دەستی دەکەوێت کە دواجار دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی عێراق ئەم داهاتە کەم دەبێتەوە، ئەم داهاتەش کە کەم بووەوە بەڕێژەیەکی کەم بەشداریکردنی داهاتی غەیرە نەوتی کەم دەبێتەوە".

جارێکی دیکە تورکیا قەدەغەی گەشتی ئەم فرۆکەخانەیەی بۆ وڵاتەکەی تا مانگی 12 ئەمساڵ درێژ کردەوە، دیاریش نییە کەی گەشتەکان دەست پێ دەکاتەوە، بەردەوام بوونی ئەو قەدەغەیەش زیانی زۆری بە سنوری سلێمانی گەیاندووە، بە تایبەت بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان و بازرگانان.