وەزارەتی دارایی خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بڵاو کردەوە

K24 – هەولێر:
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، بەپێی خشتەکە سبەی سێ شەممە دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە (10ی حوزەیرانی2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا خشتەی مووچەی مانگی ئایاری بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاو کردەوە، دابەشکردنی مووچەکەش بە وەزارەتی تەندروستی دەست پێ دەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە (10ـی حوزەیرانی 2024)، بری 419 ملیار و 190 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.
بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی ڕۆژی سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەکرێت و لە ماوەی سێ ڕۆژدا، فەرمانبەرانی زۆربەی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان مووچە وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە: خانەنشینی سەربازی لە لیستەکەدا نییە بەهۆی نەگەیشتنی تەمویلەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە، هەر کات تەمویلەکانیان گەیشتە دەست وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەست بەجێ دەست بەدابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.