سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایان: لە ڕووی شەرعییەوە ڕێگەپێدراوە حاجییان لە کوردستان قوربانی بکەن

K24 - هەولێر:
مامۆستا عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حاجییانی کوردستان دەتوانن لە ڕێگەی بریارەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان سوننەتی قوربانی لە ڕۆژانی جەژن ئەنجام بدەن و ئایینی ئیسلام ڕێگەی بەوە داوە.
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لەو داوایە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی و بازاڕی هەرێمی کوردستان بووە، کە وێڕای ئەوەی بازاڕی ئاژەڵ فرۆشانی هەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە، هاوکات خەڵکێکی زۆری هەژاری هەرێمی کوردستانیش سوودمەند دەبن لە گۆشتەکە.
مامۆستا عه‌بدوڵڵا سه‌عید وه‌یسی جەختی کردەوە: ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە چوونەتە سعوودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، جگە لەو کەسانەی کە لە ڕێگەی دیکەوە چوونەتە حەج.
سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان باسی لەوەشکرد: ئەو حاجییانەی فیدیەیان لەسەرە هەر دەبێت لە وێ ئەنجامی بدەن کە لە ڕووی شەرعییەوە بەو شێوەیە دانراوە بەڵام قوربانی کردن، سوننەتە و دەکرێت لە رێگەی کەسێکی نزیکی خۆیانەوە، لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی بدەن.
هاوکات سەرۆکی یەکێتیی زانایان داوای لە هاووڵاتییانیش کرد، لەسەر بنەمای ڕێنماییە تەندروستییەکان قوربانی بکەن و ڕوو لە سەربڕخانەکان بکەن بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشی و دابەشکردنی گۆشتێکی پاک و تەندروست بە خەڵکی هەژار.
ڕۆژی دووشه‌ممه 10ـی حوزه‌یرانی 2024، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا داوا دەکات حاجییانی کورد به لەبەرچاوگرتنی گوزەران و دۆخی خەڵکی کەمدەرامەتی هه‌رێمی كوردستان، قوربانییەکانیان لە ڕێی بریكار (وەکیل)ـەوە لە کوردستان بكه‌ن.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژه‌ی به فه‌رمووده‌یه‌كی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كردووه له باره‌ی سه‌ده‌قه و به‌خشینه‌وه كه هانی موسڵمانان ده‌دات سه‌ده‌قه و چاكه بكه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ژاران، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ كه‌سانی نزیكیش بیكه‌ن دوو جار بۆیان ده‌نووسرێت جارێكیان سه‌ده‌قه‌یه و جارێكی دیكه‌یش به‌جێهێنانی ئه‌ركی خزمایه‌تی (سیله‌ی ڕه‌حم)ـه، وه‌ك ده‌فه‌رمووێت "الصدقةُ على المسكينِ صدقةٌ وعلى ذي الرَّحِمِ ثِنْتَانِ صدقةٌ وصِلَةٌ."