ئێران بە مەرج پاڵپشتی ئۆپیك دەكات
زەنگەنە: مافی خۆمان لە بازاڕی نەوت بەدەست دێنینەوە

K24 - ھەولێر
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، بە مەرجێك ھاوكاری و پاڵپشتی وڵاتانی ھەناردەكاری نەوت و رێكخراوی ئۆپیك دەكەین، كە رێگە بدەن ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی ئێران بگەڕێتەوە بەر لە گەمارۆ ئابوورییەكەی سەری وڵاتەكەیان.
بێژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ھەناردەكاری نەوت و ھەروەھا رێكخراوی ئۆپیك ئەوە دەزانن كە ئێران مافی خۆیەتی ھەناردەی نەوتی بەرزبكاتەوە و پشكی خۆی لە بازاڕدا بەدەست بھێینێتەوە، بۆیە ئێمەش بەو مەرجە پاڵشتی لە سنوورداكردنی بەرھەمھێنانی نەوت دەكەین، كە بەرھەمھێنانی نەوت بەرزبكەینەوە.
زەنگەنە ئاماژی بۆ ئەوەش کرد، دوای لابردنی گەمارۆ ئابوورییەكان، ئێران وەك سێیەم وڵاتی بەرھەمھێنەری نەوت ھەوڵی بەرزكردنەوەی ئاستی نەوتی دا، بەڵام یاسای رێكخراوی ئۆپیك لەكۆبوونەوەكانی ئەمساڵیدا ئەوەی رەتكردوە.
وەزارەتی نەوتی ئێرانیش بڵاویكردوە، ئێران ھاوكاری ئۆپێك دەكات بۆ سەقامگیركردنی بازاڕی نەوت و پێشبینیش دەكەین لایەنەكان رێز لە مافەكانمان بگرن.