زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە جیهان بۆ حەج چوونەتە سعوودیە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پاسپۆرتی سعوودیە ڕایگەیاند، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ تاوەکوو دووشەممە 10ی حوزیرانی 2024، یەک ملیۆن و 547 هەزار و 295 حاجی لە تەواوی دەروازە سنوورییەکانەوە گەیشتوونەتە خاکی سعوودیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی داوە، لە هەموو دەروازە سنوورییەکانەوە لە ڕێگەی سیستەمێکی پێشکەوتووی تەکنەلۆجیاوە هەموو کارئاسانییەک بۆ حاجیان کراوە تاوەکوو بچنە نێو خاکی سعوودیە و لە دەروازەکانیش کارمەندانی شارەزا و زمانزان پێشوازییان لە حاجیان کردووە، لە کۆی ئەو حاجیانەشی گەیشتوونەتە سعوودتە، یەک ملیۆن و 483 هەزار و 312 حاجی بە فڕۆکە و 59 هەزار و 273 حاجیش بە ڕێگەی وشکانیی 4710 حاجی دیکەش لە سنوورە ئاوییەکانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە.
پێشووتریش، تۆفیق ڕەبیعە وەزیری حەج و عومرە ڕایگەیاندبوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵمەتێکی نێودەوڵەتییان دەست پێ کردووە بۆ هۆشیارکردنەوەی زیارەتکارانی زیاتر لە 20 وڵات لە مەترسی پێشێلکردنی یاساکانی حەج و هەوڵی ساختەکاری.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی سعوودیە، ئەمساڵ زیاتر لە 300 هەزار زیارەتکاریان دەستگیرکردووە کە بە ڤیزای بازرگانی بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە لە نێویاندا ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانیش هەن.
هەروەها بۆ ئاسانکاری هاموشۆکردنی حاجیان لە نێوان شوێنە پیرۆزەکاندا، حکوومەتی سعوودیە شەمەندەفەری مەشاعیری خستووەتەکار، کە لە هەر کاتژمێرێکدا توانای گواستنەوەی 72 هەزار سەرنشینی هەیە.