خەڵکی ئیدلب چاوەڕێی هاوکاریی ڕێکخراوەکان دەکەن بۆ قوربانی

بە نزیک بوونەوەی جەژنی قوربان، موسڵمانان ئامادەکاری دەکەن بۆ قوربانی، بەڵام لە ئیدلیبی سووریا بەهۆی خراپیی دۆخی ئابوورییەوە بازاڕی ئاژەڵفرۆشان کزیی پێوە دیارە و کڕین و فرۆشتن ئەو گڕو تینەی ساڵانی پێشووی نەماوە.
ئاژەڵفرۆشێک لەگەڵ ئەوەی گلە و گازندە لە خراپی بازاڕ دەکات، بەڵام دوای مامەڵە و ڕێککەوتن تەوقەکردنێکی توند لەگەڵ ئەو کڕیارە دەکات کە ئاژەڵێکی بۆ قوربانی پێ فرۆشتووە.
فەواز ئەلشێخ، ئاژەڵفرۆش دەڵێ "جموجۆڵی بازاڕ زۆر لاوازە ئەمساڵ، هۆکەشی بەرزبوونەوەی نرخ و قەیرانی دارایی، بۆ هەر کیلۆیەک هەر نرخێک بڵێن کڕیار دەست ناکەوێت چونکە خەڵک هەژارە بێ دەرامەتن ناتوانن قوربانی بکەن".
سەرەڕای بێکاریی و هەژاری خەڵک، ساڵانە بە نزیک بوونەوەی جەژنی قوربان نرخی ئاژەڵی قوربانیش بەرز دەبێتەوە و تاڕادەیەک خاوەن ئاژەڵەکانی کاتەکە بە هەل دەقۆزنەوە و نزخی ئاژەڵێکی بچووک لە 300 بۆ 400 دۆلارە، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر دوای گەڕانێک بە نێو مەیدانی ئاژەڵاندا نەتوانێ هیچ ئاژەڵێکی قوربانی بکرێت و بە ناچاری بگەڕێتەوە ماڵەکەی.
لە بارەی بەرزی نرخ و بێ توانایی کڕین، سایر هنداوی دەڵێت، "هاتم قوربانییەک بکڕم بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەوە دۆشداماوم، مەزندەم دەکرد نرخی ئاژەڵێکی بچووک لە نێوان 200 بۆ 250 دۆلار بێت، بەڵام دەرکەوت لە 300 بۆ 400 دۆلارە، ئەمەش زۆرە و ئەگەر نرخەکان بەم جۆرە بەرز بێ، ئەمساڵ خەڵکێکی کەم دەتوانن قوربانی بکەن".
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی ئیدلیب بە ناوی ئەحمەد عەلی، دەڵێت "بەڕاستی نرخەکان زۆر بەرزن و بازاڕی خنکاندووە، بەو ئومێدەوە هاتم ئاژەڵێک بۆ قوربانی بکڕم بەڵام نرخەکان زۆر بەرزن و خەڵکیش دۆخی ئابوورییان باش نییە، بۆ ئەوەی خەڵکی بتوانێت قوربانی بکات پێویستە هاوکارییان بکرێت".
زۆربەی خەڵکی ئیدلیب ئاوارەن و ژیانیان بە هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکان بەستراوەتەوە، ئاژەڵفرۆشان و کڕیاران چاوەڕانی هەنگاوی ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەن هەنگاوێکی خێر لەو نێوەندە بگێڕن بۆ ئەوەی ئاژەڵفرۆشان زیانێکی زۆر نەکەن و خەڵکی بە هاوکاری ئەوان بتوانن قوربانی بکەن.