نەرمین مەعروف: کێشەی مووچە بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارە دەبێت
ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕیشەیی چارە دەبێت. ئاماژە بەوەش دەدات، پێکهاتەی بودجەی 2024 تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی بودجەی 2023ـەیە.
چوارشەممە، 12-06-2024، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی بودجەی 2024ـی عێراقی خستەڕوو و باسیشی لە چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کرد.
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوە کرد، "ستایل و پێکهاتەی بودجەی 2024ـی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر وەکو بودجەی ساڵی ڕابردوویە. بودجەی وەبەرهێنان تەنها 55 ترلیۆن دینارە، ئەوەی زیادی کردووە، تەنها بودجەی بەگەڕخستنە. لەنێو ئەمەشدا بڕگەی مووچە پشکی شێری بەرکەوتووە".
وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی کرد، "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـی عێراق، سەدا 12.67ـە کە دەکاتە زیاتر لە 20 ترلیۆن و 910 ملیار دینار. بەم شێوەیە کێشەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەم زووانە بەشێوەیەکی ڕیشەیی چارە دەبێت".
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، ئەندامەکەی لێژنەی دارایی ئەوەی خستەڕوو، "دوو ترلیۆن و 700 ملیار دینار لە بودجەی وەبەرهێنانی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە".
بودجەی 2024ـی فیدراڵی بریتییە لە 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن دینار، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە 13 تریلیۆن دینار زیاترە. هەروەها خەرجییەکان وەک لە خشتەکانی بودجەدا هاتووە، پێک دێن لە خەرجی بەگەڕخستن 156 تریلیۆن 843 ملیار دینار و خەرجی وەبەرهێنان 55 تریلیۆن و 17 ملیار دینار.
پشکی هەرێمی کوردستان بە هەردوو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان دەگاتە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 911 هەزار دینار، خەرجی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیۆن و 223 هەزار دینار پێکدەهێنێت، لەو برە 11 ترلیۆن و 580 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دانراوە و بەم شێوەیە مانگانە 965 ملیار دینار بۆ خەرجی ئەم بوارە ڕەوانە دەکرێت.