بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق ناجێگیرە

دۆلاری ئەمەریکی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
دۆلاری ئەمەریکی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

چەند ڕۆژێکە بەهای دینار لە دابەزین بەردەوامە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بەربەستی 147 هەزار دیناری تێ پەڕاند.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دۆلار هەیە، بەهۆی ئەوەی پشووەکانی جەژنی قوربان نزیکبوونەتەوە و بەشێک لە هاووڵاتییان بە نیازی گەشتکردنن و بۆ ئەو مەبەستەش دۆلاری زیاتر دەکڕن بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیاندا بیبەن.

هەفتەی ڕابردوو بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلاری خستەڕوو، ئەوەش ئاستێکی بەرزی خستنەڕووی دۆلار بوو بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو.

جیاوازیی سەرەکیی ئەو خستنەڕووەی هەفتەی ڕابردوو لە قەبارەی خستنەڕووی کاشی دۆلاردا بوو، بەشێوەیەک کە دوو هێندەی ڕۆژانی ئاسایی هەفتەکانی ڕابردوو دۆلاری کاش دەخرایە بازاڕەکانەوە.

بەشێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن جووڵەی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێوان مەودای سێ هەزاردا ئاساییە، واتە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا بەهای 100 دۆلار لەنێوان 145 هەزار دینار تا 148 هەزار دینار جووڵەیەکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر بۆ بەرزبوونەوە 148  هەزار دیناری تێپەڕاند ئەوا چاوەڕێی بەرزبوونەوەی زیاتری لە داهاتوودا لێ دەکرێت.

لە ئەگەری دووەمدا ئەگەر بەهای دۆلار نەیتوانی چەند ڕۆژێک زیاتر لە ئاستەکانی 147 هەزار دیناردا بمێنێتەوە و دابەزینی تۆمار کرد، ئەوا نیشانەیەکی بەهێزە بۆئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ئەو هێزەی پێشووی نەماوە.