ڕێژین سدیق: حکوومەتی هەرێم هاوکاریی جووتیارانی کردووە تاکوو بەرهەمیان زیاد بکەن

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو ڕایگەیاند، ئێمە لە ماوەی ئەو چوارساڵە توانیومانە زۆرترین سیمینار بۆ جووتیاران بکەین، ئامانجیشمان ئەوە بووە وا لە جووتیار بکەین ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاد بکات.

ئەندازیار ڕێژین سدیق، بەرێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێمە لە ماوەی ئەو چوارساڵە توانیتمان زۆرترین سیمینار بۆ جووتیاران بکەین، ئامانجیشمان ئەوە بووە وا لە جووتیار بکەین ڕێژەی بەرهەمهێنان زیاد بکات".

ڕێژین سدیق گوتیشی: ئێستا دەبینین کە بەروبوومە کشتوکاڵیەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەبارەی سامانی ئاژەڵیش دیارە کە پڕۆژەکان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینییوە، بۆیە لە وەزارەتی کشتوکاڵ کە سەیری داتاکان دەکەین، هیچ پرۆژەیەک نییە کە تواناکەی لە 30% بۆ 35%  بەرزبووبێتەوە. بەڵام ئێستا هەیتمان تاوەکو %200 بەرزبووەتەوە.

بەرێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو ڕاشیگەیاند، بۆ بەرەو پێشچوونی کشتوکاڵ پێویستمان بەوەیە پایەکانی ئەو بەرەوپێشچوونە ئامادە بکەین، لەوبارەوەش دەرفەتی باش بە کەرتی تایبەت درا، ئەگەر تێبینی بکەین کەرتی تایبەت پێشتر پارەکانی لە بواری دیکە خەرج دەکرد بەڵام ئێستا لە بواری کشتوکاڵ وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵ زیاد بێت و بازاڕیشی بۆ بدۆزرێتەوە.

ڕێژین سدیق باسی لەوەش کرد، ئێمە ساڵانە کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانمان هەبوو لەگەڵ بەغدا، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمساڵ دوو هێندەی دووساڵ لەمەوبەر گەنمی جووتیاران وەرگیراوە و بەبازاڕ کراوە، هەروەها 200 هەزار تۆنیش لەپارساڵ زیاتر بووە.

دەشڵێت: ئەوبەرهەمەی کە حکوومەتی بەغدا وەریناگرێت، ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ دوو کۆمپانیا هەیە تاوەکو ئەو بەرهەمە زیادە لە جووتیاران وەربگرن، گوتیشی: نرخی ئەو گەنمە زیادەی لە جووتیاران وەردەگیرێت ساڵانە دیاری دەکرێت.

جەختیشی کردەوە، یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوە بوو، خواردن بۆ هەموو دانیشتووان دابین بکرێت، ئامانجێکی دیکەش ئەوەبوو بتوانین ئەو بەرهەمە خۆراکییانە بە نرخێکی هەرزان بەردەست بێت تاوەکو خەڵک بتوانن بەدەستی بهێنن.

Fly Erbil Advertisment