دەستەی گەشتوگوزار پلانی ڕۆژانی جەژن بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران بڵاو دەکاتەوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ڕایدەگەینێت، بۆ مەبەستی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چەند لێژنەیەک بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران پێک هێنراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە مەبەستی پێشواز كردن لەو گەشتیارانەی كە بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، دەستەی گەشتوگوزار لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بنكەكانی گەشتیاری لە شارەكان پلانی ئامادە کردووە و چەندین لێژنەش بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی جیاواز پێكهێنراوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شارستانیانە و سەردەمیانە پێشوازی لە گەشتیاران بكرێت و كەشێكی ئارام و لە باریان بۆ بڕەخسێنرێت.
ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، لەم خاڵانە پێک دێن:
1- لێژنەی تایبەت بە بازگەكان سەردانی بازگەكان دەكات وەك تیمی گەشتوگوزار و هەڵدەستێت بە پێشوازیكردن لە گەشتیاران بە پێدانی شیرینی و دابەشكردنی بڵاوكراوەی گەشتیاریی بەسەر گەشتیاران وەك (ڕێبەری گەشتیاریی٬ نەخشەی گەشتیاریی٬ بروشەر). هەروەها ڕێنمایی پێویست دەدەن بە گەشتیاران.
2- لەسەر ئاستی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتتیەکان ژمارەیەكی تایبەت دابینكراوە وەک هێڵی گەرم بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن پەیوەندی بكەن لە كاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك.
3- هەماهەنگی تەواو کراوە لەگەڵ کەرتی تایبەت، سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان، بە تایبەت چێشتخانەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە رۆژانی پشوو کراوە بن.
4- لێژنەی تایبەت بە سەردانیكردنی بنكە گەشتیارییەكان بۆ ئەوەی چاودێریی كوالێتی خزمەتگوزارییەكان بكەن و ڕێگربن لەوەی گەشتیار شتوومەکیان بە نرخێکی گرانتر پێ بفرۆشێت.
5- هەماهەنگی تەواو و پێویست دەكرێت لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی بازگەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوەخۆ، هاتووچۆ ، تەندروستی، بەرگریی شارستانی بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەشتیاران لە كاتی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان و ئاسانكاریكردن بۆیان لە كاتی داخل بوونیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان.