عێراق..کەی ئێف سی قوربانیی شەڕی غەززەیە

هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم یەکێک لە خواردنگە بیانییەکان لە بەغدا
هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم یەکێک لە خواردنگە بیانییەکان لە بەغدا

زیاتر لە دوو هەفتەیە سەرجەم لقەکانی خواردنگەی KFC لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق داخراون، ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعەش داوا دەکەن گشت براندە ئەمەریکی و ئیسرائیلییەکان لە عێراق دوور بخرێنەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لە بەغدا دۆخەکە بە مەترسیدار دەزانێت و هۆشدارنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاوڵاتییانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەعێراقن نزیکی ئەو خواردنگە و ناوەندە بازرگانی و پەروەدەییەکان نەکەونەوە کە بە ئەمەریکایی و ئینگلیزیی ناو دەبرێن.

نەدا کەعەبی، چاودێری سیاسی ئەو هێرشە چەکداریانە بە زیان بۆ سەر ئابووری و ئاسایشی عێراق دەزانێت و دەڵێ "ڕێککەوتنی ڤییەننا کە عێراق ئیمزای کردووە، تایبەتە بە پاراستنی دیپلۆماتکاران و بەرژەوەندیی وڵاتان، پاراستنی کۆمپانیا بیانییە وەبەرهێنەرەکان بەشێکە لەو ڕێککەوتنە؛ چونکە کۆمپانیاکان بەبێ پارێزگاری و زامنکردنی ئاسایشیان ناتوانن بمێننەوە و لە چالاکییەکانی وەبەرهێنان بەردەوام بن. لە بەرامبەریشدا ئەگەر عێراق نەتوانێت پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت، بە دڵنیاییەوە سزادەدرێت و متمانەی نێودەوڵەتی لە دەست دەدات، لە کاتێکدا ئەم وڵاتەش پێویستی بە کرانەوە و پێشکەوتنە".

ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی شیعە وەک هاوسۆزییەک بۆ غەززە، داوا دەکەن حکوومەتی عێراق بە پشت بەستن بە یاسایی تاوانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە عێراق دوربخاتەوە و ئەوانەشی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن ڕاپێچی دادگا بکرێن.

سعوود ساعدی، پەرلەمانتاری عێراق و ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان دەڵێ "لەگەڵ ئەوەی عێراق بە خۆیی و گەلەکەیەوە پاڵپشتی فەڵەستین دەکات و لەگەڵ گرووپەکانی بەرگریە، بەڵام هەندێک چالاکی بازرگانی دەکرێت کە لە کۆنترۆڵی حکوومەت دەرچووە، ئەویش زۆر بوونی کۆمپانیا بیانیەکانە لە ژێر ناونیشانی عەرەبیی کاردەکەن و پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکەن. ئەمەش سەرپێچیەکی زەقە، لە یاسایی قەدەغەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدراوە".

پەرلەمانی عێراق لە ئایاری 2022 بە دەنگی زۆرینە ئەندامانی پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پەسەند کرد.

بەگوێرەی یاساکە، هەموو ئاسایی کردنەوەیەکی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بانگەشە کردن بۆ ئیسرائیل بە تاوان دادەنرێت، هەر کەس و لایەنێکیش پێشێلی یاساکە بکات، ئەوا سزاکەی لە سێدارەدانە.