بە‌غدا..منداڵانی نابیست و کەسوکارەکانیان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی گردبوونەوە

خۆپیشاندانی نابیستان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق
خۆپیشاندانی نابیستان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی عێراق

منداڵانی نابیست و کەسوکارەکانیان لە چەند شار و ناوچەیەکەوە چوونەتە بەغدا و لەبەردەم وەزارەتی تەندورستیی عێراق کۆبوونەتەوە و چەند داواکارییەکیان هەیە.

داواکاریی کەسوکاری منداڵە نابیستەکان لە پەرۆشیی بۆ داهاتووی ڕۆڵەکانیان سەرچاوەی گرتووە و دەڵێن، ئەم منداڵانە پێوستیان بە قوتابخانەی تایبەتە و بەبێ ئامێری تایبەت هیچ دەنگێک نابیستن.

دایکی ڕیتاج گلەیی لە خەمساردیی حکوومەتی عێراق دەکات و دەڵێ"بەس ئەو وایەرە بچووکە دەگۆڕین بە 250 هەزار دینار، پاترییەکانی ئامێرەکەش بە 300 هەزار دینارە، جیا لەوە تا وەکوو ئێستا هیچ قوتابخانەیەکی حکوومی تایبەت بە نابیستان نییە. من کچەکەم لە قوتابخانەیەکی ئەهلی دانا بوو، کرێی خوێندنی ساڵانەی دوو ملیۆن دینار بوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەبەر خوێندن دەرم هێنا، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەم پەیمانگەیەکی تایبەت بۆ نابیستان بکاتەوە"

تێچووی دانانی هەر ئامێرێکی پێشکەوتووی بیستن کە لە نەخۆشانە تایبەتەکان یان نەخۆشخانە دەرەکییەکان دادەنرێت لە سەروی 25 ملیۆن دینارە و هەر جارێکیش هێدفۆنەکەی بشکێت یان لە کار بکەوێت نرخی کڕین و گۆڕینی 700 دۆلارە.

کەسوکاری منداڵانی نابیست ئەو تێچووانە لە توانای خۆیاندا نابینن و بە ئەرکی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی عێراق دەزانن هاوکاریان بێت لە دابینکردنی ئامێرەکان.

سەعد عەبدوڵڵا، دەڵێ "نرخی ئامێرەکان گرانە ، زوو زووش تێک دەچن و ئێمە توانای گۆڕینمان نییە، ئەو ئامێرانەشی وەزارەتی تەندروستی دایناون زۆر کۆنن و زۆربەیان لە کار کەوتوون، منداڵەکان گوناهن و ناتوانن هیچ ببیستن، داواکارم قوتابخانەیان بۆ دابین بکەن یان لە هەر قوتابخانەیەکی حکوومی پۆلێکی تایبەت بە خوێندنی منداڵانی نابیست بکرێتەوە".

بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق 157 هەزار منداڵی نابیست لە عێراق هەن و 115 یان جگە لە نابسیتی ناگۆشن، هەروەها خاوەن پێداویستە تایبەتەکان ڕێژەی 16% دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن.

Fly Erbil Advertisment