محەممەد شوکری: هەرێمی کوردستان دەتوانێت ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بڕەخسێنێت
![د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Jun-2024/1718265597website-poster-logo-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered-Recovered.jpg)
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێنێت تاکو هانی وەبەرهێنەرانی بیانی بدات بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان.
پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی پرێزنتەیشنی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ کوردستان، ڕایگەیاند، ئاسانکردنی کارەکان و ڕێگەپێدانی مۆڵەتی کاری وەبەرهێنان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێنێت تاکو هانی وەبەرهێنەرانی بیانی بدات بۆ وەبەرهێنان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "دەستەی وەبەرهێنان ڕێککەوتنێکی هاوکاریی لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەولەتی IFC سەر بە بانکی جیهانی مۆر کردووە، بۆ سوودمەندبوون لە شارەزایی وپشتگیریی تەکنیکی و بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی ئاسانکردنی ڕێکارەکانی وەبەرهێنان و هاندانی بانگەشەی چالاکانەی کەرتی ناوخۆ و دەرەوەشدا".
محەممەد شوکری دەشڵێت، "لەڕێگەی هەوڵی بە کۆمەڵ لەگەڵ نوێنەری دامودەزگاکان وەزارەتە ئامادە بووەکان، دەتوانین ئەم دیدگایانە بگۆڕین بۆ واقع، چونکە پێکەوە کارکردنمان بناغەیەکە بۆ ژینگەیەک کەوا وەبەرهێنان ڕابکێشێت و گەشەی ئابووری بەرەو پێشەوە ببات و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان بهێنێت".