تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بەشداریی فێستیڤاڵی فەرهەنگی گەلان لە چیک دەکەن
بەڕێوەبەری کەلەپووری تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر داوای کونسوڵی چیک، بەشداریی لە فێستیڤاڵی فەرهەنگی گەلان دەکەین کە زیاتر لە 80 وڵات لەو فێستیڤالە بەشدارە.
پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، هیمداد لە شکری، بەڕێوەبەری کەلەپووری تیپی هونەرە ملییەکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تیپی نەتەوەیی هونەرە میللییەکانی هەولێر، لەسەر داوای کونسوڵی چیک، لە 23ـی حوزەیران تاکو 2ـی تەمووزی 2024، بەشداریی لە فێستیڤاڵی فەرهەنگی گەلان دەکەین کە پتر لە 80 وڵاتی تێدا بەشدارە.
ئەو بەڕێوەبەرە گوتی، "ئێمە بە چوار تابلۆ بەشداریی دەکەین کە پێک هاتوون لە "تابلۆی دروونە، لۆرکێ، کوێستان، تابلۆی دێرین و تابلۆیەکیش دەهۆڵ و زوڕنا"، تابلۆکان بە بەشداریی هەشت کوڕ و شەش کچە و سەرجەم شاندەکەمان، بە تیپی مۆسیقا و گۆرانییەوە 24 کەس لە خۆ دەگرێت".
هیمداد لە شکری گوتیشی، "تیپی هونەرە ملییەکان لە ساڵی 1979 دامەزراوە، تا ئێستە بەردەوامە، لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بەشداریی کردووە".