کابینەی نۆیەم لە تەرخانکردنی بودجەی تایبەتەوە تاوەکو گەورەترین پڕۆژەی شوێنەواری لە کوردستان

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، گرنگییەکی بەرچاو و تایبەت بە کەرتی شوێنەوار و کەلەپوور دراوە، حکوومەت ئەم بوارەی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و سەرچاوەیەکی گرنگی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاری کولتووری هەژمار کردووە، ئەمەش لە رێگەی دابینکردنی بودجەی سەربەخۆ، جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و کردنی کاری پشکنینی هاوبەش لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا رەنگیداوەتەوە.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بودجەیەکی ساڵانەی 900 ملیۆن دینار تەنیا بۆ پەرەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی شوێنەواری هەولێر دابینکراوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر رایگەیاند، بەشێکی بەرچاو لە مۆزەخانەی نیشتمانیی هەولێر بە شێوازێکی سەردەمیانە نۆژەنکراوەتەوە، هاوکات کۆگایەکی گەورە و مۆدێرن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستن و پۆلێنکردنی پارچە شوێنەوارییەکان دروستکراوە زیاتر لە 10 تیمی بیانیی رووپێوی و هەڵکۆڵین لە پایتەختدا سوودی لێ دەبینن.

هەروەها روونیکردەوە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، کاری نۆژەنکردنەوە و پشکنین لە قەڵای مێژوویی (دوین) ئەنجامدراوە. سەبارەت بە پرۆسەی هەڵکۆڵینی رزگاریش لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، نادر بابەکر گوتی: لە ناوچەی باغلۆمنارە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە و لە رێگەی زانستی کاری پاراستنی بۆ کراوە، هاوکات لە پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر (عەرەب کەند) و جووتسایدی هەولێر-کۆیە لە پێگەکانی (خەزنە و شێخ ئەحمەد) لە سنووری دێگەڵە، لەگەڵ پێگەی حەززە بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین پشکنین ئەنجامدراوە. دەربارەی پلانەکانی داهاتووش، ئاشکرایکرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پلانی هەیە لە قەڵای (دێرێ) لە پیرمام و لە سنووری باغلۆمنارە و رێڕەوی شەقامی 150 مەتری، هەڵکۆڵینی شوێنەواریی زیاتر بکات.

 هاوتەریب لەگەڵ کارەکانی هەولێر، پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەم سەرجەم ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەوانە مۆڵەتدان بە زیاتر لە 50 تیمی بیانی لە وڵاتانی (ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریکا و پۆڵەندا). دیارترین دەستکەوتیش لە پارێزگای دهۆک بریتی بوو لە کردنەوەی پارکی شوێنەواریی "فایدە" بە هاوکاریی زانکۆی ئودینێی ئیتاڵیا، وەک یەکەمین پارکی شوێنەواریی کراوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم نەخشە بەردینەکانی سەردەمی ئاشوورییەکانی تێدا نمایش دەکرێت، هەروەها بەردەوامیی پشکنینەکانی زانکۆی کامبریدج لە ئەشکەوتی شانەدەر کە بووە هۆی دۆزینەوەی نوێی تایبەت بە مرۆڤی نیاندەرتاڵ، لەگەڵ پاراستنی پێگەی بێستانسوور لە سلێمانی و پایکوڵی لە گەرمیان.

لە بەشی پاراستنی کەلەپوور و بازاڕە دێرینەکانیشدا، لە کاتی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بازاڕە کۆنەکانی دیکە، حکوومەت دەستبەجێ بودجەی بۆ نۆژەنکردنەوەیان بە پاراستنی سیمای مێژوویی تەرخان کرد. هاوکات جێبەجێکردنی ماستەرپلانی قەڵای هەولێر لەگەڵ رێکخراوی یونسکۆ و نۆژەنکردنەوەی دەروازەکانی ئامێدی و قەڵای خانزاد بەردەوام کاریان لەسەر کراوە.

کابینەی نۆیەم لە رێگەی دانانی مەرجی شوێنەواری پێش کردنی پڕۆژەکانی رێگاوبان و بەنداوەکان، و توندکردنەوەی رێکارە یاساییەکان دژی قاچاخچێتیی شوێنەوار، توانی ئەم کەرتە بباتە قۆناخێکی نوێی زانستی و نێودەوڵەتی. بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێریش لە کۆتاییدا سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد لە سەرخستنی سەرجەم ئەم پرۆژانەدا.