پسپۆڕێکی دارایی: دوای جەژن بەهای دۆلار دادەبەزێت

پسپۆڕێکی دارایی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار گوتی: ئەو هەڵکشان و داکشانەی بەهای دۆلار شتێکی ئاساییە.

عەبدولڕەحمان شێخلی، پسپۆڕیی دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو هەڵکشان و داکشانەی بەهای دۆلار شتێکی ئاساییە، بەتایبەتی دوای پەسەند کردنی خشتەی بودجەی 2024ـی عێراق، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە کە بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە بەهۆی هاتنی جەژن و سەفەری حەجەوەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەرزبوونەوەیە شتێکی کاتییە، ڕەنگە دوای کۆتایی هاتنی جەژن و هاتنەوەی حاجییەکان ئەو دۆخە ئاسایی دەبێتەوە.

شێخلی، باسی لەوەش کرد، باوەڕم وایە ئێستا بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت، بەڵام پێویستمان بە هەماهەنگیی زیاترە لە نێوان بانکەکان بەتایبەت بانکەکانی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی دۆلاری زیاتر لە بازاڕەکان، تاوەکو بتوانرێت بەهای دۆلار دابەزێت.

گوتیشی: بەهۆی بوونی کێشەکانی ڕابردوو لە نێوان وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و بانکی ناوەندیی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی بەهای دۆلار لەو ئاستەدا بمێنێتەوە. هاوکات، چەندان بانکیش هەن کە پابەندی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان نەبووە.

کاتێک سەیری سزاکان دەکەین کە بەسەر کۆمەڵێک بانکدا سەپێندرا بوو، بووە هۆی ئەوەی متمانە بەبازاڕ نەمێنێت، کە وایکرد بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینە ئەو بانکانە بلۆکک بکەن.