حکوومەتی هه‌رێمی كوردستان ئاسانكاری بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكات

کێشەکانی ھەولێرو بەغدا و کۆمپانیاکان لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە؛ هاوكات ڕاوێژکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بەغداش گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گرێبەستەکان بۆ دەرھێنانی نەوت لە شێوازی کۆن بۆ شێوازی نوێ بگۆڕێت، وەک ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات.

بەڕۆژ عەزیز، ڕاوێژکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، کێشەی ھەولێر و بەغدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، لەسەر تێچووی دەرھێنانی نەوتە. ئاماژەی بەوەش كرد، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکاریەک دەکات بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوته‌كه‌ی.

بەڕۆژ عەزیز ڕوونی كرده‌وه‌، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نی حكوومه‌تی فیدراڵ ڕێک کەوتوون بۆ دۆزینەوەی چاره‌یه‌ك كه‌ لە بەرژەوەندی ھەر سێ لایەندا بێت.

ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، شێوازی گرێبەسته‌كانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە 66 وڵات جێبەجێ دەکرێت، له‌و كاته‌ی شێوازه‌كه‌ی به‌غدا په‌یڕه‌وی ده‌كات ته‌نیا له‌ پێنج وڵات جێبه‌جێ ده‌كرێت.

دوای گفتوگۆکانی شاندی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ دەسپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت، بەغدا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی شێوازی گرێبەستەکانی بۆ دەرھێنانی نەوت بۆ شێوازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بگۆرێت.

کێشەکە لە تێچووی دەرھێنانی نەوتە کە ھەڵکەوتەی جوگرافیای ھەرێمی کوردستان لە چاو عێراق سەختە، ئەو بڕەی دیاری کراوە کەمە بۆ دەرھێنانی نەوت.

ھەولێرو بەغدا و کۆمپانیاکان هەنگاوەکانیان بۆ دەسپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتە، زیانەکان نزیک بووەتەوە لە 15 ملیار دۆلار زۆری ئەم زیانانەش بەر بەغدا دەکەوێت.

چارە نەرمی نواندنە لە لایەن ھەر سێ لایەنەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەمەی ڕاگەیاندووه‌. له‌م باره‌وه‌، گۆڤەند شێروانی، پسپۆری بواری نەوت به‌ كوردستان24ـی گوت، زه‌ره‌رمه‌ندی گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی له‌ ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان حكوومه‌تی عێراق، به‌ شێوه‌یه‌ك تا ئێسته‌ زیاتر له‌ 12 بۆ 13 ملیار دینار عێراق زه‌ره‌ری كردووه‌.