زیاتر لە مانگێکە گەنجێکی سوننە ڕفێندراوە و گومان لە گرووپەکانی حەشد دەکرێت
ڕفاندنی گەنجێکی دانیشتووی شارۆچكەی تاڕمیەی باکووری بەغدا لە ناوجەرگەی بەغدا و دیار نەبوونی چارەنووسی بۆ چەند مانگێک ناڕەزایی لە نێو سوننەکان دروست کردووە.
سوفیان سەعید ئەو کوڕە گەنجەی تاڕمیەیە زیاتر لە مانگێکە لە ناوچەی عەدەنی بەغدا ڕفێندراوە.
سەرەتا ڕفێنەرەکان بەرانبەر ئازادکردنی داوای 60 هەزار دۆلاریان کردووە و هەڕەشەشیان کردووە ، ئەگەر پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە، ئەوە ئەندامەکانی جەستەی سوفیان دەفرۆشن، بەڵام لە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە هیچ پەیوەندییەکی دیكەیان نەکردووەتەوە و چارەنووسی ئەو گەنجەش نادیارە.
دایکی سوفیان دەڵێ "کوڕەکەم دەرچووی زانکۆیە ماندووبووم پێوەی تا گەورەم کرد، کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە، زۆر تەلەفۆنم بۆی كرد و وەڵامی نەبوو دواتر تەلەفۆنەكەی داخرا، داوا لە حکوومەت و هێزە ئەمنییەکان و سوودانی دەکەم ، حاڵی من ببینن دڵی دایکە و دەستوتێت، بەخوا بەبێ باوکی گەورەم کردووە".
جیا لە خانەوادە و کەسوکاری گەنجە ڕفێندراوەکە، ژمارەیەک لە شێخی هۆزەکان و کەسایەتییەکانی سوننەش کۆبوونەوەتەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن کە چۆن لە ناوجەرگەی بەغدا کە بەم هەموو هێزە تەندراوە گەنجێک دەڕفێندرێت.
لەمبارەوە شێخ تاڵیب داود مامی سوفیان وەک ئەوەی گومانی لە گرووپە ملیشیاکان هەبێت، دەڵێ "داوا لە دەستەی حەشدی شەعبی و هەواڵگری حەشد دەکەم کوڕەکەمان بۆ بگەڕێننەوە، نزیکەی یەک مانگە دیار نیە ، ڕۆژی سێیەم داوای بڕێ پارەیان کرد و وتیان ئەگەر بە پۆلیس بڵێن ئەندامەکانی جەستەی دەفرۆشن، ئێمەش وەک ڕێکارێکی یاسایی هێزە ئەمنیەکانمان ئاگادار کردەوە، بەڵام چارەنووسی دیار نیە".
هەروەها ئۆراس حەمەد چالاكوانێکی کۆمەڵی مەدەنی دەڵێ "ونبوونی گەنجێک کە بە زۆر ڕفێندراوە و بە ئۆتۆمبێلی هێزێکی ئەمنی کە سەر بە حکوومەتە کارەساتە ، ئەم گەنجە لە بیابان ون نەبووە لە کامیراکانی چاودێریی هێزە ئەمنییەکانەوە ساتی ڕفاندنەکەی دیارە، بەداخەوە ئەم ناوچانەی ئێمە سزای سیاسی و ئەمنی و ئابووری دەدرێت".
بۆ دروستکردنی فشار و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو گەنجە کەسایەتی و سەرۆک هۆزەکانی ناوچە سوننەنشینەکانی چوار دەوری بەغدا و شارۆچكەی تارمیە کۆبوونەتەوە بە دەم ناڕەزایی دەربڕینەوە دەڵێن تادێت ڕفاندنی ڕۆڵەکانیان دەبێتە هەڕەشە و مەترسییەکی جددی و زیاتر. بە ئاشكرا دەڵێن ژیانی گەنجەکانیان لە مەترسیدایە و گومانیان لە گرووپەکانی حەشدی شەعبیە.