وەبەرهێنەرێکی کورد پرۆژەیەکی بۆ دروستکردنی نۆ بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە هەیە
پرۆژەیەکە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و زاخۆ لە ژێر ئاو کەوتن دەپارێزێت
وەبەرهێنەرێکی کورد لە باکووری کوردستان، پرۆژەیەکی نوێی بۆ دروستکردنی 9 بەنداو لەسەر ڕووباری دیجلە ئامادە کردووە و بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووە پڕۆژەکەی جێبەجێ بکرێت لە پێناو نەهێشتنی مەترسی ژێر ئاو کەوتنی چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و زاخۆ لە هەرێمی کوردستان.
پرۆژەکەی وەبەرهێنەرە کوردەکە، لەسەر ڕووباری دیجلەیە و دەڵێ: ئەو ناوچانەی دەکەونە قەراخی ڕووبارەکە لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە ژێر ئاو دەکەون لەوانە شارۆچکەکانی بیسمیل، حەسەن کێف، گوندی سلۆپی و شارۆچکەی زاخۆ لە باشووری کوردستان، بەمەش زیانی گیانی و مادی زۆری دەبێت.
بە گوتەی خاوەنی پرۆژەکە، پڕۆژەکەی جگە لە ڕێگریی لە کارەساتەکان، هاوکات ئاوی زیاتر دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراق و کەرتی کشتووکاڵیش زیاتر دەبووژێتەوە و سوودیشی بۆ کەرتی گەشتوگوزار دەبێت.
عەبدوڵڵا ئەرزاخچی، وەبەرهێنەر و خاوەنی پرۆژەی نوێی ڕووباری دیجلە بۆ کوردستان24 گوتی "ئەو ناوچانەی دەکەونە قەراخی لجێ لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە، ڕووبارەکە لە ڕێڕەوی ئاسایی خۆی لادەدات و هەر لە گوندەکانی سنووری شاری وان تا وەکوو دەگاتە شارۆچکەی زاخۆی باشووری کوردستان هەموو ئەو ناوچە و شوێنانەی دەکەوێتە سەر ڕێگەی ڕادەماڵێت و هەزاران کەس دەبنە قوربانی، بەڵام بەم بەنداوانە هەم ئەو مەترسیانەی هەن، نامێنن و هەروا سوودی بۆ کشتوکاڵ و ئاودێریش دەبێت".
ڕووباری دیجلە کە سەرچاوەکەی لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێت درێژییەکەی دوو هەزار و 800 کیلۆمەترە و درێژترین ڕووباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دەڕژێتە شەتوڵعەرەب، لە خاکی تورکیا شەش بەنداوی گەورە و دەیان پرۆژەی وێستگەی کەهرۆئاوی لەسەر دامەزراوە.
بە گوێرەی ئەو ڕووپێویانەی بۆ بە فیڕۆچوونی ئاوی ڕووباری دیجلە کراوە، دەرکەوتووە لە هەر چرکەیەکدا 30 مەتر سێجا ئاوی ڕووبارەکە بە فیرۆ دەچێت.
هەر لە بارەی پرۆژەکەوە حەسەن گۆلینج، بەڕێوەبەری پرۆژەی ڕووباری دیجلە دەڵێ "پرۆژەی دیجلە سوودی بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە هەیە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان و عێراقێش، دوای ئەم پرۆژەی ئێمە بەندوای ئیلج سوو و بەنداوی جەزیرە دروست دەکرێت. بەڵام گرینگترینیان بەنداوی دیاربکرە لە بەر ئەوەی سروشتی ناوچەکە وشکە و یارمەتیدەردەبێت بۆ کشتوکاڵ و هەرێمی کوردستان و باشوور و ڕۆژهەڵاتی تورکیا".
بە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە هەلی کار بۆ نزیکەی 10 هەزار کەس دەڕەخسێت و توانای دابینکردنی کارەبای دیاربەکر و باتمانیشی دەبێت، لە هەمان کاتدا بەبێ پچڕان ئاو دەگاتە هەرێمی کوردستان و کەرتی کشتوکاڵیش لە دیاربەکر و هەرێمی کوردستانیش دەبوژێنێتەوە.