شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی: سعوودیە سەرنجی لەسەر ئەوانەیە بەبێ ڤیزای حەج هەوڵی چوونە حەج دەدەن

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی
شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەمو حاجیانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە کێوی عەرەفە. هەروەها دۆخی حاجیانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا زۆر باشە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو یان مردنمان نەبووە.

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان لە کێوی عەرەفە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سوپاس بۆخوا، لەشەوی ڕابردووەوە سەرجەمی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕێکخراو لەلایەن وەزارەتی حەجی سعوودیەوە پۆل پۆل گەیشتنە عەرەفە."

گوتیشی: "ئەمڕۆ تاوەکوو ڕۆژئاوا لە کیوی عەرەفە دەمێنینەوە و دواتر دەچینە موزدەلیفە. دەشڵێ، دۆخی حاجیانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا زۆر باشە و هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو یان مردنمان نەبووە. تەنیا لە ڕۆژانی ڕابردوو یەک دوو حاڵەتی نەخۆشمان هەبووە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە لە مەککە و ئەوانیش پاش چاکبوونەوە لە نەخۆشخانە دەرچوونە، جگە لەیەک نەخۆش نەبێت کە لە نەخۆشخانەی مەلیک فەیسەڵ ئەویش ئەمڕۆ بە "ئەمبوڵانس" هێندراوەتە عەرەفە و حەجی پێ دەکرێت."

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمساڵ پرۆسەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەو حاجیانەی کە بە وشکانی و ئاسمانی هاتوون زۆر بە فڕۆیشناڵی بەڕێوە چوو، بەڵام ئەمساڵ سعوودیە شێوازێکی نوێیان بۆ بەڕێکردنی حاجیان بۆ کێوی عەرەفە پەیڕەو کردووە."

شێخ نیاز باسی لەوەش کرد، "بڕوا ناکەم کە دەست بەسەر کرابێت بێت. بەڵام ئەوخەڵکانەی لە شاری مەککە نیشتەجێ بوونە و فیزەی حەجیان نەبووە، خەڵکی هەموو وڵاتێکی تێدایە، سعوودیە لەوبارەوە دەڵێت 500 هەزار کەس بەبێ هەبوونی فیزەی حەج، هەوڵی حەجکردن دەدەن، بۆیە دەیەوێت بۆ ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە ڕێگرییان لێ بکات؛ بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی کۆنترۆڵکردن و ڕیکخستنەکە زۆر ئەستەمە. هەروەها سعوودیە ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتە بەر، کە بەداخەوە ئەو خەڵکانە زۆر ئازار دران، دەبوا بەشێوەیەکی وا مامەڵە لەگەڵ ئەو ڤیزانە کرابایە کە خەڵک تووشی ئازار و نەبوونایە".

ڕاشیگەیاند، "ئەمساڵ سعوودیە سەرنجیان لەسەر ئەوانە بوو کە بەفەرمیی هاتوونەتە حەج بۆ ئەوەی ڕێکیان بخەن، لەبەر ئەوە توندیان کردبوو لەسەر ئەوانەی بە ڤیزای دیکە هاتبوونە سعوودیە، ئەگەرچی ئەوانەی بەڤیزاش هاتوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵام لەسەر ڤیزای هەندێکیان نووسراوە بۆیان نییە حەج بکەن.

Fly Erbil Advertisment