دلێر محەممەد: لە 10 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 102 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر

دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر
دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزرای هەولێر، دەڵێت: ڕێژەی هاتنی گەشتیار لەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو زیاترە، هەروەها سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە لە کەرتی گەشتوگوزار دەڕوانێت.

دلێر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزرای هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە، لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 102 هەزار گەشتیار تەنیا لە بازگەی شێراوە هاتوونەتە شاری هەولێر .

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزرای هەولێر، دەڵێت: ڕێژەی هاتنی گەشتیار لەمساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوو زیاترە، بەهۆی ئەوەی پشووی جەژنە یەک هەفتەیە، هەروەها کەشوهەواش گەرمە ئەمانەش هۆکاری هاتنی گەشتیاری زیاترن بۆ هەولێر و شوێنە گەشتیارەکانی.

لەبارەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار لە کابینەی نۆیەمدا، ناوبراو گوتی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە گرنگییەوە لە کەرتی گەشتوگوزار دەڕوانێت، لەو چوارچێوەیەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی وەبەرهێنان زۆرترین گرنگی بە کەرتەکە داوە.

هاوکات گوتیشی: ژینگەیەکی لەبار و گونجاومان بۆ ئەو گەشتییارانە ئامادە کردووە کە سەردانی پارێزگای هەولێر دەکەن.

لەبارەی چاودێریکردنی ناوچە گەشتیارییەکان، دلێر محەممەد، باسی لەوە کرد، تیمەکانی گەشتوگوزاری هەولێر بەردەوام چاودێری چڕی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوونەدات.