سعوودیە ئاماری کۆتایی حەجی ئەمساڵی بڵاوکردەوە

حاجییان لە کێوی عەرەفە
حاجییان لە کێوی عەرەفە

K24 – هەولێر:

دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە، ئاماری حەجی بۆ ساڵی 1445ـی کۆچی (2024) ئاشکرا کرد و ڕاگەیاند و کەمترین ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکان.

ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لە کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان، 958,137 حاجی پیاو و 875,027 حاجی ئافرەت بەشدارییان لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج کردووە.

هاوکات دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە لەبارەی شێوازی گەشتی حاجییان، 1,546,345 حاجی بە فڕۆکە، 60,251 حاجی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە (بە ئۆتۆمبێل) و 4,714 حاجی لە ڕێگەی دەروازە ئاوییەکانەوە (بە کەشتی) سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە بە مەبەستی حەج کردن.

هەروەها ڕێژەی وڵاتان لە حەجی ئەمساڵ بەپێی ئامارەکان بریتییە لە وڵاتانی عەرەبی 22.3%، وڵاتانی ئاسیا بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان 63.3%، وڵاتانی ئەفریقا بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان 11.3% و وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەریکا و ئوسترالیا 3.2%.

ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) کە بەرامبەرە بە 9ـی زیلحجەی 1445ـی کۆچی، حاجییان چوونە سەر کێوی عەرەفە بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین ڕوکنی حەج و تا ڕۆژئاوابوون لەوێ دەمێننەوە.

دەسەڵاتدارانی سعوودیە ئاماژە بەوە دەکەن، لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە، حەجی ئەمساڵ لە هەموو ساڵانی پێشووتر جیاوازترە کە زۆربەی کارەکانی ڕێکخستن و چاودێری حاجییانیان لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە ڕێکخستووە و هەر حاجییەکیش لە ڕێگەی کارتی نوسکەوە، هەموو زانیارییە کەسییەکانی و شوێنی مانەوەی لە مەککە و زانیاری لەبارەی سەرپەرشتیاری کاروانەکەی، بەشێوەی ئەلیکترۆنی تێدا تۆمارکراوە.

هاوکات یەکێکی دیکە لە ڕووداوە دیارەکانی حەجی ئەمساڵ، حاجییان سێ ڕۆژ لەسەر یەک گوێبیستی وتار دەبن، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە مەککە، ئامادەی وتاری هەینی بوون، ڕۆژی شەممەش وتاری وەستان لە کێوی عەرەفە دەخوێندرێتەوە و ڕۆژی دواتریش کە دەکاتە یەکەم ڕۆژنی جەژنی قوربان، وتاری جەژن لە پێشکەش دەکرێت.

دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە، حاجییان لە موزدەلیفە دەمێننەوە، کە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، بەگوێرەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە و پێویستە حاجییان نوێژەکانی مەغریب و عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجییان تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.

دوای ئەوە حاجییان دەچنە جەمەڕات و ئەرکی ڕەجمکردنی جەمەرەی عەقەبە جێبەجێ دەکەن، کە ئەرکی ڕەجمکردن بۆ حاجییان بەپێی ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، سێ جارە کە هەر جارێک حاجییان حەوت بەردی بچووک دەگرنە ئەو شوێنەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە بەناوی جەمەرەی عەقەبە.

هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی ئەرکی رەجمکردنی یەکەم، حاجییان دەست بە ئەرکی تەوافکردن بە دەوری کەعبەی پیرۆز دەکەن لە مەککە و بە بڕینی بەشێکی مووی پرچیان، ئیحرام دەشکێنن و دەتوانن جلوبەرگی ئاسایی لەبەربکەن و قەدەغەکراوە شەرعییەکانی کاتی بەستنی ئیحرام، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجام بدەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان ئەنجامداوە.

Fly Erbil Advertisment