کریستیانەکان: پێکەوەژیان لە کوردستان ڕەگێکی لەمێژینەی هەیە

کاردیناڵ لویس ساکۆ،  پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان
کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان

کریستیانەکان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە، ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە هیچ وڵاتێکدا نییە، لەبارەی گەڕانەوەی کورسی پاتریاکی کلدانی عێراق و جیهانیش بۆ لویس ساکۆ، سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

کریستیانەکان دڵخۆشن بە گەڕانەوەی کورسی پاتریاکی کلدانی عێراق و جیهان بۆ لویس ساکۆ و دەڵێن، هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبیر ناکەین کە لەڕۆژی یەکەمەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ پاتریاک لویس ساکۆ دەربڕی بۆ ئەوەی ئەو مافەی بۆ بگەڕێتەوە.

ئاندی سۆلاقا، مامۆستای زانکۆ بۆ کوردستان24 گوتی، زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە بۆ ئێمەی کریستیان نیشانیاندا، دووپاتیان کردەوە بەردەوامن لە پاڵپشتیی کردنی کریستیانەکان.

گوتیشی، لە  ساڵی 2006 کریستیانەکان دووچاری نەهامەتی هاتن لە عێراق و ڕوویان کردە کوردستان، لە هێرشەکەی داعشیش بۆ سەر ناوچەی کریستیان نشینەکانی عێراق، کریستیانەکان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، پاتریاک پاش ئەوەی کورسیەکەی لێ سەندرایەوە  لە عێراق، ئەویش ڕووی کردە هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ئێمەی کریستیان لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکەین.

رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2024، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا، کاردیناڵ پاتریاک لویس ساکۆ بکرێتەوە پاتریاکی کلدان لە عێراق و جیهان و لێپرسراوی وەقفی کڵێسای کلدانی، دوای ئەوەی تەمووزیی ڕابردوو لەلایەن سەرۆککۆماری عێراق مەرسومی پاتریاکی کڵێسای کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس ساکۆ سەندرایەوە.

غەدیر حەندوڵڵا  چاڵاکوانی کریستیانیش بۆ کوردستان24 گوتی، لێسەندنەوەی کورسی پاتریاکی کلدانی عێراق و جیهان لە لویس ساکۆ زۆر دڵگرانی کردین، گەنجەکانمان و خێزانەکانمان تووشی دڵەڕاوکێ بوون، غەدرمان لێکرا و ویستیان لە پرەنسیپی پێکەوە ژیان بدەن، ئەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە هیچ وڵاتێک نییە، گوتیشی، ئەو پێکەوە ژیانەی کوردستان ڕەگێکی لەمێژینەی هەیە، هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبیر ناکەین کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو پرسەی ئێمە بوون.

Fly Erbil Advertisment