هاووڵاتییان به بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان به گه‌رموگوڕییه‌وه بازاڕ دەکەن

سبه‌ی یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه، هاووڵاتییانی شاره‌كانی كوردستان به جۆش‌وخرۆش و گه‌رموگوڕییه‌وه ڕوو له بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن بۆ كڕین و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ڕۆژانی جه‌ژن.
ڕێناس عه‌لی په‌یامنێری كوردستان24 له هه‌ولێر سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، بازاڕ له هه‌ولێر قه‌ره‌باڵغه و نرخه‌كان جێگیر نین و به‌رزبوونه‌وه‌یان به خۆوه نه‌بینیوه، به‌تایبه‌ت كه تیمه‌كانی چاودێری بازاڕ به‌رده‌وام چاودێری نرخه‌كان ده‌كه‌ن.
ڕێناس عه‌لی گوتیشی، نرخه‌كان گونجاون و هه‌موو كهلوپهڵێك ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆیه خه‌ڵكێكی زۆرتر ڕوو له بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن و پێداویستییه‌كانیان دابین ده‌كه‌ن.
هاوكات دالیا كه‌مال په‌یامنێری كوردستان24 له سلێمانی گوتی، جه‌ژنی قوربان به‌هۆی ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كی زۆری تێدایه، بۆیه هاووڵاتییان له سلێمانی زیاتر ڕوو بازاڕه‌كان ده‌كه‌ن.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، چوار كوشتارگه له سلێمانی ئاماده كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان قوربانییه‌كان له‌و كوشتارگهیانه بكه‌ن و پابه‌ندی ڕێنماییه‌كان بن.
چه‌كدار جه‌مال په‌یامنێری كوردستان24 له دهۆك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، جووڵه‌ی بازاڕ له دهۆك به بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربان چالاك بووه و هاووڵاتییان ڕوویان له بازاڕه‌كان كردووه بۆ كڕینی پێداویستییه‌كانی جه‌ژن له خواردن و جلوبه‌رگ و پێداویستییه‌كانی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌م ڕۆژه.
په‌یامنێری كوردستان24 له دهۆك سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، جووڵه‌ی بازاڕ تا نزیك بانگی ئێواره زۆر چالاك بوو، به‌ڵام به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی بانگ، كه زۆربه‌ی خه‌ڵك به‌ڕۆژوو بوون، به‌ره‌و ماڵه‌كانیان بازاڕیان به جێ هێشتووه.
ڕوونیشی كرده‌وه، سه‌رجه‌م هۆتێل و مۆتێلهكانی دهۆك له‌لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه پڕ بوونه. گوتیشی، زۆربه‌ی گه‌شتیاره‌كان له به‌غداوه ڕوویان له دهۆك كردووه.
له لای خۆیه‌وه دیلان بارزان په‌یامنێری كوردستان24 له كه‌ركووك باسی له‌وه كرد، هاووڵاتییانی كه‌ركووك ئاماده‌كارییه‌كی زۆریان بۆ پێشوازی له جه‌ژنی قوربان كردووه و به گه‌رموگوڕییه‌وه ڕوویان له بازاڕه‌كان كردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، گه‌رما و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما له كه‌ركووك هاووڵاتییانی شاره‌كه‌ی ناچار كردووه زیاتر شه‌وان ڕوو له بازاڕه‌كان بكه‌ن بۆ كڕین و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی جه‌ژن.
دیلان بارزان هه‌روه‌ها گوتی، هاووڵاتییان به‌ڕۆژوو بوونه، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت له دوای بانگی ئێواره‌وه بچنه بازاڕه‌كان و پێداویستییه‌كانیان دابین بكه‌ن.
مامۆستا ئاكام دوكاندار له‌ناو بازاڕی دهۆك به كوردستان24ـی گوت، بازاڕ له سه‌ره‌تادا سستییه‌كی پێوه دیار بوو، به‌ڵام دوای دابه‌شكردنی مووچه، جارێكی دیكه گه‌رموگوڕ بووه‌وه.
هه‌روه‌ها ئه‌م دوكانداره باسی له‌وه كرد، جه‌ژنی ئه‌م ساڵ به‌راورد به ساڵی ڕابردوو زیاتر گه‌رموگوڕی پێوه دیاره و هاووڵاتییان به جۆشوخرۆشه‌وه ڕووی تێ ده‌كه‌ن.