پێنجەم حاجیی هەرێمی کوردستان لە مەککە کۆچی دوایی کرد

مەککە
مەککە

K24 – هەولێر:

پێنجەم حاجیی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد بە ناوی ئەحمەد محێدین کە خەڵکی گوندێکی شاری هەولێرە.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) حاجییەکی هەرێمی کوردستان بەناوی ئەحمەد محێدین کە خەڵکی گوندی کەوڕەبەنی شاری هەولێرە، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو حاجییەی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە، بە ڤیزای یەک ساڵەی گەشتیاری، سەردانی وڵاتی سعوودیەی کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوێنێ لە کێوی عەرەفە، گەورەترین ڕوکنی حەجی بەجێگەیاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن) خەڵکی قەڵادزێ، (جەميله يونس برايم) دانیشتووی هەولێر، (هەمین قادر عەلی) خەڵکی بالیسان و (ئاسیا عەلی) خەڵکی بەردەڕەشە، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، دوو حاجی دیکەی کورد بە ناوەکانی (عەزیزە ناسری) دانیشتووی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و (حوسێن حەمید مەحموود) دانیشتووی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.