رۆژگار جەعفەر: یەکەم کاروانی حاجییان دوای 20ـی حوزەیران دەگەڕێنەوە کوردستان

ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)
ئەنجامدانی فەریزەی حەج لە سعوودییە (وێنە: AP)

بەرپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە ئاشکرای دەکات، یەکەم کاروانی حاجییان لەڕێگەی وشکانیی دوای 20ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن، یەکەم کاروانی ئاسمانیش دوای 25ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن.

رۆژگار جەعفەر، بەپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێیەم رۆژی جەژن مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان دێت، یەکەم کاروانی حاجییانیش لەڕێگەی وشکانی دوای 20ـی حوزەیران دەست بەگەڕانەوە دەکەن کە ژمارەیان هەزار و 53 کەسن، دەشڵێت، ئەو حاجییانەی بەڕێگەی ئاسمانیی گەیشتوونەتە سعوودیە، دوای 25ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی.

دوێنێ دەستەی گشتیی ئاماری سعوودییە رایگەیاند، زیاترلە ملیۆنێک و 800 هەزار حاجی بەشداری حەجی ئەمساڵیان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە سەدا 60ـی حاجییان لە وڵاتانی ئاسایی، سەدا 22ـشیان لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاتوون.

دەستەی گشتیی ئامار دەشڵێت، زۆرینەی حاجییان  لە رێگەی ئاسمانییەوه‌ هاتوون و 60 هه‌زار حاجیش لە رێگەی وشکانییەوە هاتوون.

4ـی حوزه‌یرانی 2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 4695 حاجیی کوردستان له‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌لامه‌تیی گەیشتوونەتە خاکی سعوودیە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پێنجەم حاجیی هەرێمی کوردستان بە ناوی ئەحمەد محێدین کە خەڵکی گوندێکی شاری هەولێرە ، ئەمڕۆ لە مەککە کۆچی دوایی کرد.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) حاجییەکی هەرێمی کوردستان بەناوی ئەحمەد محێدین کە خەڵکی گوندی کەوڕەبەنی شاری هەولێرە، لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو حاجییەی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کردووە، بە ڤیزای یەک ساڵەی گەشتیاریی، سەردانی وڵاتی سعوودیەی کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوێنێ لە کێوی عەرەفە، گەورەترین ڕوکنی حەجی بەجێگەیاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن) خەڵکی قەڵادزێ، (جەميله يونس برايم) دانیشتووی هەولێر، (هەمین قادر عەلی) خەڵکی بالیسان و (ئاسیا عەلی) خەڵکی بەردەڕەشە، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، دوو حاجی دیکەی کورد بە ناوەکانی (عەزیزە ناسری) دانیشتووی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و (حوسێن حەمید مەحموود) دانیشتووی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

Fly Erbil Advertisment