دوو حاجی دیکە کۆچی دواییان کرد؛ ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێم لە مەککە بوونە هەشت کەس

وێنەی دوو حاجی کۆچکردووی هەرێمی کوردستان لە مەککە
وێنەی دوو حاجی کۆچکردووی هەرێمی کوردستان لە مەککە

K24 – هەولێر:

دوو حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە کۆچی دواییان کرد بەمەش ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە بەرزبووەوە بۆ هەشت حاجی.

ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: حاجییەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد، بە ناوی (ڕووناک مەعرووف قادر) و خەڵکی شاری هەولێرە.

هەروەها حاجییەکی دیکەی شاری هەولێر بە ناوی (سافیە حوسێن مەلا) لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە مەککە کۆچی دوایی کردووە و کەسوکارەکەشی بۆ کوردستان24، هەواڵەکەیان پشتڕاست کردەوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە: ژمارەیەک هاووڵاتی کە بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، "بێ وەڵام و بێ سەروشوێنن".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە (16ـی حوزەیرانی 2024) کۆچی دوایی دوو حاجی دیکەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککە ڕاگەیەندرا بە ناوەکانی (ئەحمەد محێدین) کە خەڵکی گوندی کەوڕەبەنی شاری هەولێرە، (زینەت ڕەشید قادر) کە خەڵکی شاری سلێمانییە.

هەروەها ڕۆژی شەممە (15ـی حوزەیرانی 2024) چوار حاجی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن) خەڵکی قەڵادزێ، (جەميله يونس برايم) دانیشتووی هەولێر، (هەمین قادر عەلی) خەڵکی بالیسان و (ئاسیا عەلی) خەڵکی بەردەڕەشە، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، دوو حاجی دیکەی کورد بە ناوەکانی (عەزیزە ناسری) دانیشتووی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و (حوسێن حەمید مەحموود) دانیشتووی قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییان کرد.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، هەموو ئەو حاجییانەی کۆچی دواییان کردووە، بە ڤیزای یەک ساڵەی گەشتیاری، سەردانی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوێنێ لە کێوی عەرەفە، گەورەترین ڕوکنی حەجی بەجێگەیاندووە.

پێشتریش ڕۆژگار جەعفەر، بەپرسی ڕاگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بۆ سعوودیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سێیەم رۆژی جەژن مەراسیمەکانی فەریزەی حەج کۆتاییان دێت، یەکەم کاروانی حاجییانیش لەڕێگەی وشکانی دوای 20ـی حوزەیران دەست بەگەڕانەوە دەکەن کە ژمارەیان هەزار و 53 کەسن، دەشڵێت، ئەو حاجییانەی بەڕێگەی ئاسمانیی گەیشتوونەتە سعوودیە، دوای 25ـی حوزەیران دەست بە گەڕانەوە دەکەن بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان ئەنجامداوە.