لە جەژندا كوشتارگەکان ڕۆژانە 12 كاتژمێر بۆ قوربانی کردن كراوە دەبن

K24 – هەولێر:
لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، کوشتارگەی هەولێر ڕۆژانە 12 کاتژمێر کراوە دەبێت و لەژێر چاودێری پزیشکانی ڤێترنەری چەندین ئاژەڵ بۆ قوربانی سەردەبڕن.
ھەڵمەت ھەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی ھەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کوشتارگەی ھەولێر لە ھەشت کاتژمێری کارکردنی ڕۆژانی ئاسایی لە توانایدایە 200 سەر ئاژەڵی گەورە و دوو ھەزار سەر ئاژەڵی بچووک سەر ببڕن، بەڵام بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی کوشتارگەکە بۆ 12 کاتژمێری کارکردن، پێشبینی دەکەین ژمارەکە زۆر زیاتر بێت.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک ھەموو ساڵ ھەڵمەتی دابەشکردنی قوربانی و سەربڕنی ئاژەڵەکانی لە کوشتارگەی ھەولێر ئەنجام دەدات و ئیسماعیل عەبدولعەزیز، سەرپەرستیاری بەشی ھاوکارییەکان لە دەزگاکە ڕایگەیاند: بارزانی لەو کوشتارگەیە 80 جوانەگا و 20 ئاژەڵی گەورە و بچووک دەکەنە قوربانی و گۆشتەکەی بەسەر خەڵکی کەمدەرامەت دابەش دەکەن.
جیا لە لایەن تەندروستییەکە و پشکنینی ئاژەڵەکان و پاشماوەکانی قوربانی بەزانستیانە لەنێو دەبرێن، بەڵام لە ماڵاندا پاشماوەکان لە کوچە و کۆڵانەکان و ناو شار فڕی دەدرێن، بەمەش ھەم سیمای شار ناشیرین دەبێت ھەمیش دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.