نەجەف.. جووتیاران داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەن

جووتیارانی نەجەف (وێنە: AFP)
جووتیارانی نەجەف (وێنە: AFP)

جووتیارانی پارێزگای نەجەف داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکەن بڕیاری کەمکردنەوەی رووبەری چاندنی زەوییەکانیان بە برنجی عەنبەر هەڵبوەشێنێتەوە. چونکە، وەکوو خۆیان دەڵێن، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر چاندنی برنج لە پارێزگای نەجەف و سستبوونی بازرگانی ناوخۆیی دەبێت.

جووتیارانی شارۆچكەی مەشاخیب لە پارێزگای نەجەف، دوای ئەو شەپۆلە بارانەی بەم دواییانە عێراقییان گرتەوە و لە سەرووی پێشبینییەکانەوە بوو، داوا دەکەن ڕێگەیان پێ بدرێت بۆ چاندنی برنج، بەتایبەتی برنجی عەنبەر کە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە.

جووتیارێک دەڵێت، "حکوومەتی عێراقی بڕیاری داوە ڕووبەری چاندنی برنج لە سەرتاسەری عێراق بۆ 150 هەزار دۆنم کەم بکاتەوە، ئێمە لە سنووری پارێزگای نەجەف نزیکەی 212 هەزار دۆنمان هەیە بە برنج بیچێنین و ئێستا کەم کراوتەوە بۆ 80 هەزار دۆنم. ئەی ئەوانی دیکە چی بکەن؟".

جووتیارێکی دیکەش ئەوەی خستەڕوو، "بە بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زۆر سەرسام بووین کە دەڵێن ڕووبەری چاندن کەم دەکەینەوە. داوا دەکەین سەرۆکوەزیران چارەیەکی ڕیشەیی نەک تەنها بۆ ناوچەکەی ئێمە، بەڵکوو بۆ سەرجەم ناوچەکان بدۆزێتەوە".

یەکێتیی جووتیارانی پارێزگای نەجەف داوای ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە بۆ زیادکردنی ڕووبەری چێندراو بە برنج لەم وەرزەدا، بە تایبەتی دوای بارانەکەی ئەم دواییانە. جەخت لەوە دەکەنەوە، چاندنی برنج و بەتایبەتی برنجی عەنبەر، سوودێکی زۆر بە بازرگانیی ناوخۆیی دەگەیەنێت.

موحیسن ئەلحجامی، سەرۆکی یەکێتیی جووتیارانی نەجەف ڕوونی کردەوە، "بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ، دەبێت ئەمساڵ تەنها لەسەدا 73ی وەرزی ڕابردوو برنج بچێنین، ئەمەش واتە پارێزگای نەجەف 80 هەزار دۆنمی بەر بکەوێت. بە گوێرەی لیژنەیەکی تایبەت ئەو ڕووبەرە بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت".