سایلۆی گەرمیان توانای وەرگرتنی 80 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ناوچەکەی هەیە

سایلۆی گەرمیان
سایلۆی گەرمیان

K24 - هەولێر:

سایلۆی گەرمیان لە ساڵی 2021 بە گوژمەى 21 ملیار و 400 ملیۆن دینار دروست کرا، توانای  کۆگاکردنی 80 هەزار تۆن گەنمی هەیە، ئەمساڵیش زیاتر لە شەش هەزار جووتیاری سنووری گەرمیان سوودی لێ وەردەگرن.

کاروان ڕەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان ڕایگەیاند: نزیکەی شەش هەزار جووتیار لە ناوچەکانی کەلار، کفری و خانەقین گەنمەکانیان بۆ ئەم سایلۆیە دەهێنن. ڕۆژانە لە کاتژمێر 7ـی بەیانی دەست بە کار دەکەین.

لەبارەی توانای کۆگاکردنی سایلۆکەوە، کاروان ڕەئووف ئاماژەی بەوە کرد: سایلۆی گەرمیان ساڵانە توانای کۆگاکردنی 80 هەزار تۆن گەنمی هەیە. 40 هەزار تۆن لە سایلۆی ستیلی گەرمیان، ئەم سایلۆیە پێک دێت لە 16 کۆگا، هەر کۆگایەکیش توانای کۆگاکردنی دوو هەزار و 500 تۆن گەنمی هەیە و کۆی گشتی 40 هەزار تۆن گەنم دەکات. هەروەها شەش کۆگای کراوەش بۆ گەنم هەیە، کە توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، کە کۆی گشتی دەکاتە 80 هەزار تۆن گەنم.

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد نووری، بەرپرسی بەشی تاقیگە لە سایلۆی گەرمیان ڕایگەیاندووە: سەرەتا جووتیاران پێویستە پشتگیریی کشتوکاڵییان هەبێت بۆ وەرگرتنی گەنمەکانیان، دوای ئەوە  بەشی تاقیگە، نموونە لە گەنمی جوتیاران وەردەگرن. 12 جۆر تاقیکردنەوە لەسەر گەنم دەکەن، لەگەڵ کۆمەڵێک مەرج کە گەنمەکە لەسەر ئەم مەرجانە تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت؛ گەر هاتوو گەنمەکە لەم مەرجانە دەرچوو و کێشەی نەبو،و ئەوکات نمرەی بۆ دادەنرێت.

ئەم سایلۆیە بووەتە هۆی ئاسانکارییەکی زۆر باش بۆ کۆگاکردن و پاراستنی گەنمی جووتیارانی سنووری گەرمیان و جووتیارانی گەرمیانش دڵخۆشن بە دروستکردنی ئەم سایلۆیە بۆ پاراستن و هەڵگرتنی گەنمەکانیان. لەلایەن خۆیەوە، محەممەد عومەر، جووتیارێکی گەرمیانە و ڕایگەیاندووە: سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەگەر ئەم سایلۆیە نەبووایە گەنمەکانمان دەفەوتا.