رزگار خۆشناو لە نەمسا کۆنسێرتێکی میوزیک ساز دەکات
گرووپی میوزیکی "سکۆردیا"، کە هونەرمەند و میوزیسیانی گەورەی کورد "رزگار خۆشناو" رابەرایەتی دەکات و وەک مایسترۆیەک لە گرووپەکەدا ساڵانە بە چەندین کۆنسێرت بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکانی وڵاتانی هۆڵەندا و سویسرا و نەمسا دەکات.
ئێستاش بەشێوەیەکی فەرمی رۆژی 4ـی تەمووز لە شاری گراتس دیاریکراوە بۆ سازدانی کۆنسێرتێکی نوێ لەو شارەدا.
هونەرمەند "رزگار خۆشناو" لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند: گرووپەکەمان لە مانگی تەمموزدا بەشێوەیەکی فەرمی داوەتکراوە بۆ سازکردنی کۆنسێرتێکی هونەری هاوبەشی نێوان میوزیکژەنانی کورد و نەمسا، کە ساڵانە زنجیرەیەک ئاهەنگ و کۆنسێرتی جیاواز ساز دەکات و بەشێکی زۆر لەو بەرهەمانەی پێشکەشی دەکەین ئاواز و گۆرانییە فۆلکۆرییە کوردییەکانن.
گوتیشی: هونەردۆستانی ئەو وڵاتە حەز دەکەن و دەیانەوێت سوود لە گەنجینە دەوڵەمەندەکەی مۆسیقای کوردی وەرگرن، بەتایبەت سۆڵۆی عودەکەی من، کە بەردەوام گۆرانییە کوردییەکانیان بە گوێدا دەچرپێنم و ئەوانیش حەز بەو جۆرە میوزیکانەی رۆژهەڵات دەکەن، جگە لەمەش لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە نێو گرووپە میوزیکەکەم وەک مایسترۆیەک چەند پارچە میوزیکێکی نوێی بیانی پێشکەش دەکەین.