بەڵگە فیلمی خازر خەباتی پێشمەرگە لە دژی داعش دەخاتەڕوو

K24 – هەولێر:
هونەرمەندی فیلمساز نزار مامە، بەڵگە فیلمێکی نوێی بە ناونیشانی "خازر" ئامادەیە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژکردندایە.
ئەو فیلمە دکیۆمێنتەرییە باس لە ڕۆژانی سەخت و هێرشەکانی چەکدارانی داعش دەکات، کە لە "خازر" لەسەر دەستی پێشمەرگەی کوردستان تێک شکێندران و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەو فیلمە نیشاندانی زوڵم و تاوانەکانی چەکدارانی داعشە، کە لە شاری مووسڵ ئەنجامدراون و بە قارەمانیەتی و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەوقی ئەو هێزە توندڕەوە چەکدارە تێکدەشکێندرێت و لە سنووری کوردستان و هەولێر بەتایبەتی دوور دەخرێنەوە.
ئەو بەڵگە فیلمە هەریەک لە وێنەگران هاوکار فەرهاد، هونەر بەکر مەعرووف، زیرەک سەباح و خۆشناو سلێمان وێنەیان گرتووە و ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژکردندایە.
نزار مامە گوتیشی: مەبەست لە تۆمارکردنی دیمەنەکانی ئەو بەڵگە فیلمە گەیاندنی ئەو پەیامەیە، کە کورد هەمیشە وەک گەلێکی ئاشتیخواز بەرگریی لە مانەوەی خۆی کردووە، مێژووی ئەو گەلەش پڕ بووە لە قوربانیدان.