لە هەولێر 12 تورکمان خۆیان بۆ کورسی کۆتای پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە

K24 – هەولێر:
12 کاندیدی تورکمان لە هەولێر، بەشێوەی تاک خۆیان بۆ ئەو یەک کورسییەی پەرلەمانی کوردستان کاندید کردووە کە کۆمیسیۆن دیاریکردووە، کورسییەکی دیکەی ئەو پێکهاتەیەش لە پارێزگای سلێمانی دیاریکراوە.
لە هەموو ئەو حزب و کەسایەتییە سییاسییانەی تورکمان لە هەولێر، تەنیا یەک کاندیدیان بۆ پەرلەمانی کوردستان سەردەکەوێت ئەمەش لەسەر بنەمای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
کەرخی ئاڵتی بەرماخ، سەرۆکی بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان کە یەکێکە لە کاندیدەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سکاڵامان تۆمارکردووە لەسەر ژمارەی کورسییەکان و دابەشکردنی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن. بە گوتەی ناوبراو، زۆرینەی پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان دانیشتووی هەولێر و دهۆکن و دادپەروەری لە دابەشکردنی کورسییەکاندا نییە.
بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاندیدی پێکهاتەکان بەبێ لیست و لەسەر ئاستی تاک خۆیان کاندید دەکەن، تەنیا بەرەی تورکمانی لەدەرەوەی کۆتای تورکمان و بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، هۆگر چەتۆ، شارەزای بواری هەڵبژاردن دەڵێت: بۆ تورکمانەکان لە هەولێر و سلێمانی کورسی کۆتا دیاریکراوە و کاندیدەکانیان لەسەر ئاستی تاک دەچنە کێبڕکێی هەوڵبژاردن و ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا لەسەر ئاستی هەردوو پارێزگاکە، ئەوا دەبنە خاوەنی دوو کورسی کۆتای پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان.
بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چاوەکان لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ دیاریبکات، بڕیاروایە لە هەفەتەی داهاتووەوە لەسەر ئەو پرسە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕاوێژ بکات.
پێشتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 5ـی ئەیلوولی 2024ـی پێشنیازکرد و بە نووسراوێکی فەرمیش پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.
ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ڕەزامەندیی لەسەر بڕیاری گەڕانەوەی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان نیشان داوە، کورسیی پێکهاتەکانیش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن: هەولێر 34 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. سلێمانی 38 کورسی؛ دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کریستیان. لە پارێزگای دهۆک 25 کورسی؛ یەک کورسی بۆ پێکهاتەی کریستیان. هەڵەبجە سێ کورسی و هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان نەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.
ڕۆژی سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسیی بۆ کریستیانەکان).