ماسی فرۆشێک: بەرهەمی ماسیی دەریاچەکان کەمی کردووە
K24 – ڕانیە:
لەگەڵ هەڵگرتنی قەدەغەی ڕاوە ماسی لە دەریاچە و ڕووبارەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بازاڕەکان جگە لە ماسی کارب کە لە حەوزەکان بەخێودەکرێت، ماسی خۆماڵیش دەفرۆشرێت.
ڕۆژی هەینی (21ـی حوزەیرانی 2024) وەستا عومەر، ماسی فرۆش لە ڕانیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، خۆشترین جۆری ماسی لە هەرێمی کوردستان سوورەماسییە (شەبووت) بەڵام بەهۆی کەمی ڕێژەکەی، نرخەکەی گرانە لە بازاڕدا.
لەبارەی نرخی ماسییەوە، ئەو ماسی فرۆشە باسی لەوەکرد: ئەو ماسییەی ڕاو دەکرێت لە دەریاچەکان ڕاستە کوالێتی باشە بەڵام ژمارەی کەمە و بەشی پێداویستی ناوخۆ ناکات و کیۆی ماسیی لە 11 هەزارەوە دەست پێدەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی 115 ڕۆژە، ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە، ئەوەش بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە لەپێناو پاراستنی سامانی ماسی و پێدانی کات بۆ گەشەسەندنی ماسی کە لەو وەرزەدا دەست بە زۆربوون و گەرا دانان دەکەن.
دەریاچەی دوکان گەورەترین دەریاچەی هەرێمی کوردستانە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر ماسیگر، ڕاوی ماسی لێدەکەن، بە گوتەی ماسیگرەکان بەرهەمی ماسی ئەمساڵ وەک ساڵانی ڕابردوو نییە و ئاماژە بەوەش دەکەن، ڕاوی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕێک نەخراوە و هەموو کەس دەتوانێت ڕاوبکات، ئەوەش زیانی زۆری لە سامانی ماسی داوە.