هەڵەبجە و هەورامان میوانداری 100 هەزار گەشتیار بوون
ناوچە گەشتیارییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە و هەورامان بەردەوام جێگەى سەرنجى گەشتیاران بوونە و لەگەڵ هاتنى بۆنە و جەژنەکاندا گەشتیارێکى زۆری دەچنێ. گەشتوگوزارى هەڵەبجە دەڵێت، لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا نزیکەى 100 هەزار گەشتیار سەردانى ناوچە گەشتیارییەکانى دەڤەرەکەیان کردووە.
سروشتى هەڵەبجە و هەورامان هۆى هاتنى ژمارەیەکی زۆرى گەشتیارانن بۆ ناوچەکە. ئەوان چێژ لە دیمەنى جوانى سروشتى ناوچەکە وەردەگرن و فرۆشیارانى ناوچەکەش کاڵاى جۆراوجۆر کە گوزارشتە لە کولتورى ناوچەکەیان، نمایش کردووە.
یاسین عەبدوڵڵا لە بەغداوە هاتووە بۆ هاوینەهەوارى "ئەحمەد ئاوا" بۆ ئەوەى کاتێکى خۆش بەسەر ببات و لەگەڵ هاوڕێکانى وێنەیەکى یادگارى بچرکێنێت. ئەو بۆ جارى چوارەمە دێتە ئەم ناوچەیە و داواکارە خزمەتگوزارى زیاترى بۆ بکرێت.
یاسین ئاماژەی بەوەش کرد، "من ئەوە چوارەم جارمە بێم بۆ ئەم شوێنە، بەڵام تەنها ژمارەی خواردنگەکانی ئەم ناوچەیە زیادی کردووە. هیوادارین زیاد کردنەکە هەمە جۆر بێت، هاوشێوەی وڵاتانی دیکە وەک چۆن ناوچە گەشتیارییەکانیان بە شێوازی جۆراو جۆر بەرەو پێش دەبەن".
لە پارێزگاى هەڵەبجە و هەورامان 36 ناوچەى گەشتیارى هەن و وەرزى گەشتیارى لە کۆتاى مانگى 3ى هەموو ساڵێک دەست پێ دەکات تاوەکوو کۆتاىی مانگى 12.
بۆ پشووەکانى جەژنى قوربانى ئەمساڵیش نزیکەى 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانى هەڵەبجە. بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار ڕێبەری گەشتیارییانی داوەتە گەشتیاران و ڕێنماییان داوە بە خاوەن ناوچە گەشتیارییەکان و خواردنگەکان بە جوانترین شێوە پێشوازیی لە گەشتیاران بکەن.
ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە و هەورامان بەردەوام جێی سەرنجی گەشتیاران بوونە. بەشێک لە گەشتیاران بۆ جاری دووەم و سێیەمە سەردانی ناوچەکە دەکەن و دەڵێن سروشتەکەی "زۆر دڵگیرە". گەشتوگوزاری هەڵەبجەش ئاسانکاریی تەواوی بۆ گەشتیاران کردووە و پلانیان هەیە ساڵانی ئایندە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن.