حکوومەتی ئێران جووتیارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێهیوا دەکات
گەنمەجاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زەرد بوون و وەرزی دروێنە دەستی پێ کردووە، بەڵام جووتیاران نیگەرانن قازانج سەری مایە بخوات.
حکوومەتی ئێران لە هەموو پارێزگاکان دەستی کردووە بە کڕینەوەی گەنمی جووتیاران، نرخی دیاریکراوی حکوومەت 17 هەزار 500 تومەنە بۆ هەر کیلۆیەک, واتا سێ کیلۆ بە یەک دۆلار. ئەمەش ناڕەزایی جووتیارانی لێ کەوتووەتەوە و گلەیی لە کەمyی نرخەکە دەکەن.
حەسەن نیکفەرجام، جووتیار دەڵێت "خەرجییەکانی بنەتۆ و دەرمان و دروێنە هەمووی بەڕادەیەک بەرزبووەتەوە و قرساندنی هەر کیلۆیەک گەنمیش بە 17 هەزار و 500 تومەن زۆر کەمە، هیچ ماندووبوون و خەرجییەکی ئاودان، دەرمانڕێژکردن گەنم لەبەرچاو نەگیراوە ئەگەر نرخی هەر کیلۆیەک بە 20 هەزار تومەن یان زیاتر بووایە، ئەوە بۆ جووتیارانەکان باشتر دەبوو".
حکوومەتی ئێران دەڵێ پلانی داناوە بۆ ئەوەی لانیکەم 80٪ی بەرهەمی گەنمی جووتیاران بەم نرخە دیاریکراوە، بکڕێتەوە. لە کاتێکدا بەرهەمی گەنمی ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم شێوەیە:
پارێزگای سنە
1,200,000 تۆن
پارێزگای کرماشان
1,100,000 تۆن
پارێزگای ورمێ
1,000,000 تۆن
پارێزگای ئیلام
400,000 تۆن
پارێزگای لوڕستان
550,000 تۆن
بەڵام جووتیاران دەڵێن، بەم نرخە کەمەی حکوومەت دیاریی دەکات، نەک قازانج ناکەن بەڵکو تووشی زیانیش دەبن و ئەگەر ئاوا بڕوا ناچارن واز لە چاندنی گەنم بهێنن.
جوتیارێکی دیکە بە ناوی جەلال ئەحمەدی، دەڵێت: "خەرجیی و تێچووی داچاندن و تۆودانی زەویی تا وەبەرهێنانی زۆرە، بەم نرخە کەمەشی دیاری کراوە بۆمان دەری ناهێنێت، ئەو بڕە پارەیەشی حکوومەت بۆ کڕینەوەی گەنم دایناوە، ئەو پارەیەمان بۆ ناگەڕێنێتەوە کە لە بەرهەمهێنانی گەنم خەرجمان کردووە، بەداخەوە دامەزراوەی کشتوکاڵی هیچ پیشتیوانییەکی جووتیاران ناکات، هەربۆیە ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە چیتر ناتوانین زەوییەکانمان دابچێنین".
ئێران ساڵانە 14 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، سێزدەیەمین بەرهەمهێنەری گەنمە لە جیهاندا، ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گەنم داچێندراون و پێشبینی دەکرێ چوار ملیۆن و 250 هەزار تۆن گەنم بەرهەمبێنن. بەم شێوەیەش ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کەمتر لە 10%ی ڕووبەری خاکی ئێران پێک دێنێت و 30%ی بەرهەمی گەنمی ئەو وڵاتە بەرهەم دێنێت.