چەند پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق دەکرێت

K24 – هەولێر:
لێژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیازێک بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل دەخاتەڕوو، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات باشترین پێشنیاز کە لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵک دەگونجێت، جێ بەجێبکات.
ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) سائیب حیجامی، ئەندامی لێژنەی وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: یەکێک لەو پێشنیازانەی هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ بەرزبوونەوەی بەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێل، زیادکردنی باجی گومرگییە لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکردووە: زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل، وادەکات نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ بەرزبێتەوە و ئەمەش وادەکات ڕێژەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل کەم بێتەوە.
لەبارەی پێشنیازی دووەم، ئەندامەکەی لێژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردووە: لە بەرامبەر تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلێکی نوێ، ئۆتۆمبێلێکی کۆن بکرێتە قوربانی، ئەمەش جگە لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل، سوودی دەبێت بۆ ژینگەش بەشێوەیەک ئۆتۆمبێلە کۆنەکان زیاتر ڕۆڵیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە.
هەروەها یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکان، داواکراوە حکوومەتی عێراق کار لەسەر باشترکردنی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بکات، ئەمەش وادەکات هاووڵاتییان پێویستییان بە ئۆتۆمبێلی کەسی نەبێت بۆ ڕایی کردنی کارەکانیان بەتایبەتی گواستنەوە بۆ سەر کار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە.
پێشتریش نیهال شەممەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەسەر پشکی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاندبوو: هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا بە دروستکردنی پرد و گۆڕینی کاتی دەوامەکان چارەی ئەو قەیرانە ناکات؛ تەنانەت ئەگەر 100 پردیش لە بەغدا دروست بکرێت کاریگەری نابێت، چونکە شارەکە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدایە.
وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای کردووە، گازی ئۆتۆمبێلەکان زیاتر لە 60%ـی دەردانی گازی ژەهراوی لە بەغدا پێك دێنێت و مهترسییهكانیشی له زیاد بوونه، به تایبهتی دەردانی ئۆکسیدی کاربۆن و نایترۆجین و گۆگردهوه هۆی نەخۆشیی جۆراوجۆری هەناسەدانن. کاریگەرییەكان بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلهوهیه، زیاتر لە 3 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بەغدا هەیە، ئهم ژمارهیهش لەگەڵ توانای رێگاوبانەکانیدا یهك ناگرێتهوه.
لەلایەن خۆیەوە، لیوا تاریق ئیسماعیل، بهڕێوهبهری هاتووچۆی گشتیی عێراق ڕایگەیاندووە، بهغدا 30 ساڵه شهقام و پردهكانی فراوان نەکراون، ههروهها به ههڕهمهكیش ئۆتۆمبێل هاوردهی عێراق دهكرێت و تهنها له بهغدا نزیكهی 3.7 ملیۆن ئۆتۆمبێل ههیه، ئهمهش وایكردووه لهكۆی 20 ههزار پۆلیسی هاتووچۆ، نزیكهی پێنج هەزار و 400 پۆلیسیان، ڕۆژانه ئهركی كهمكردنهوهی جهنجاڵی شهقامهكانی بەغدایان له ئهستۆدایه.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 7.73 ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە نزیکەی نیوەیان لە سنووری پارێزگای بەغدان، ژمارەکەش بەراورد بە ساڵی 2022، بە ڕێژە 1.8% زیادی کردووە، کە دەکاتە؛ هەر پێنج هاووڵاتییەکی عێراقی، ئۆتۆمبێلێکیان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی بەغداش لە دوایین ئاماردا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو شارەکەی بە زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە، بەپێی پێوەرە جیهانییەکان بۆ پێوانەکردنی ئاستی پاکیی هەوا، کە دەزگای "ئای کیوو ئیێر"ــی سویسری پشتی پێ دەبەستێت و لە ڕووی پیسیی کەشوهەواوە بەغدا لە ڕیزبەندی هەشتەمی پایتەختەکانی جیهاندایە.