وەزیری تەندروستیی سعوودیە: زیاتر لە 1300 حاجی گیانیان سپاردووە

حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP
حاجییان ڕوکنەکانی حەج بەجێدەگەیەنن - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

وەزیری تەندروستیی سعوودیە ئاماری حاجییە کۆچکردووەکانی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاشکرای کردووە: زیاتر لە هەزار و 300 حاجی گیانیان سپاردووە کە ڕێژەی 83%ـیان بەشێوەی فەرمی گەشتی سعوودیەیان نەکردووە بۆ حەجکردن.

ڕۆژی یەکشەممە (23ـی حوزەیرانی 2024) فەهد عەبدولڕەحمان، وەزیری تەندروستیی سعوودیە ڕایگەیاند: لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا، زیاتر لە هەزار و 300 حاجی گیانیان سپاردووە و هۆکاری سەرەکیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە ئەو حاجییانە بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێر تیشکی خۆردا بەپێ ڕۆیشتوون.

ئەو بەرپرسە سعوودیە باسی لەوەشکردووە: ڕێژەی 83%ـی ئەو حاجییانەی کۆچی دواییان کردووە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا، ڕێگەپێدانی فەرمییان نەبووە بۆ حەجکردن.

لەلایەن خۆیەوە، ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس لە دوو بەرپرسی میسری بڵاوکردووەتەوە: نیوەی ئەو حاجییانەی ئەمساڵ لە سعوودیە گیانیان سپاردووە خەڵکی ئەو وڵاتەن و بەپێی ئامارەکانیش زیاتر لە 660 حاجیی میسری گیانیان سپاردووە.

هاوکات حکوومەتی میسر گیان سپاردنی 31 حاجی ڕاگەیاندووە کە بە ڤیزای حەجکردن گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردبووە، لە کۆی زیاتر لە 50 هەزار حاجی کە وەک پشکی ئەو وڵاتە لە وەرزی حەجی ئەمساڵ دیاریکرابوو.

میدیا میسرییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە: لە ڕێگەی 16 کۆمپانیای جیاوازەوە ئەمساڵ هەزاران میسری لە دەرەوەی پلانی دیاریکراوی وڵاتەکەیان، گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ژمارەی حاجییە کۆچکردووەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵ، گەیشتە 25 حاجی کە 24 حاجییان بە ڤیزای یەک ساڵی گەشتی وڵاتی سعوودیەیان کردبوو، جگە لەوەی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە نزیک شاری ڕومادی، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان، چوار حاجی دیکە گیانیان سپارد.

ڕۆژی (21ـی حوزەیرانی 2024) نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی بەشێک هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقافیان جێبەجی نەکرد و بە ڤیزای ساڵی گەشتیان بۆ سعودییە کرد بەداخەوە هەر ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە حاجییان و بێسەروشوێنبوونی چەندانی دیکە. ئاشکراشیکرد: دوای هاتنەوەی تەواوی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی لێکۆلێنەوە پێکدەهێنرێت لەسەر ئاستی وەزارەتی ئەوقاف بە بەشداریی داواکاری گشتیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی ئەو کەسانەی کە بە ڤیزای ساڵی خەڵکیان بردووەتە حەج.

ڕۆژی شه‌ممه‌ (15ـی حوزه‌یرانی 2024) دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە.