خێزانە کوردەکانی تاراوگە پەرۆشن منداڵەکانیان فێریی زمانی کوردیی بکەن

خێزانە کوردەکانی تاراوگە دەخوازن منداڵەکانیان فێریی زمانی دایک بکەن، چونکە پێیان وایە ئەگەر منداڵەکان نەتوانن بە زمانی کوردی بخوێننەوە و بنووسن و قسە بکەن، ناتوانن لە خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان تێ بگەن.
ئەو خێزانە کوردانەی بەریتانیا کە منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانەی کوردی فێری نووسین و خوێندنی کوردی دەبن، بەڵام ئەوانەی ئەم کارە ناکەن منداڵەکانیان ناتوانن بەکوردی قسە بکەن، یاخود ناتوانن بخوێنن و بنووسن، مامۆستایەکی زمانی کوردیش لەو وڵاتە هیچ بیانووێک ناهێڵێتەوە بۆ ئەوەی منداڵانی کورد فێری زمانی کوردی ببن.
یەسنا منداڵێکی کوردی دانیشتووی بەریتانیایە، تەمەنی 10 ساڵە، ئەو هەرچەندە بە کوردی قسە لەگەڵ دایک و باوکی دەکات، بەڵام ناتوانێت بە کوردی بخوێنێتەوە و بنووسێت، کەچی خوشک و برایەکانی دەتوانن بە کوردی بنووسن و بخوێننەوە، چونکە لە قوتابخانەی کوردی خوێندوویانە.
ئاسۆ ڕەش باوكی یەسنا بۆ کوردستان24 گوتی، سێ منداڵم هەیە، دووانیان زۆر بە باشی بە کوردی قسە دەکەن و دەخوێننەوە، بەڵام یەسنا لەبەر ئەوەی نەچووەتە قوتابخانەی کوردی، بە کوردی قسە دەکات و ئێمەش بە کوردی قسەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام ناتوانێت بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئومێدی خواست کە قوتابخانەیەکی کوردی بکرێتەوە و یەسنا بچێتە ئەو قوتابخانەیە و بێ بەش نەبێت لە زمانی کوردی.
یەسنا ئاسۆی قوتابیش گوتی، لەگەڵ دایک و باوکم بە کوردی قسە دەکەم، جار جارەش لەگەڵ خوشک و براکانم بە کوردی قسە دەکەم، گوتی، زۆر حەزدەکەم بچمە قوتابخانەی کوردی و فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی ببم.
ئەستێرە ئامانج کە ئێستا لە زانکۆیە لە قۆناخی سەرەتایی لە رۆژانی پشوو چووەتە قوتابخانەی کوردی و دەتوانێت بە کوردیبخوێنێت و بنووسێت.
ئەستێرە ئامانج، قوتابی زانکۆیە لە بەریتانیا، ئەو کاتەی لە قۆناغی سەرەتایی بووە، لە پشووی هاوین چووەتە قوتابخانەی کوردی، دەتوانێت بە کوردی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو پێی وایە خوێندنی کوردی سوودێکی زۆری بۆ ئەوان هەیە.
ئەستێرە ئامانج ئاماژەی بەوە کرد، کە، زۆر گرنگە زمانی کوردی بزانن چونکە زمانی دایکیانە، گوتی، ئێستا من یاسا دەخوێنم لە زانکۆ، پێویستە زمانی کوردی بزانم، چونکە ناکرێ لە خەڵکی خۆم تێنەگەم.
چەندین بەربەست هەن لەوەی خێزانەکانی کورد لە بەریتانیا نەتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانەی کوردی، بەڵام هەبوونی خوێندنی ئۆنڵاین ئەرکی ئەو خێزانانەی ئاسانتر کردووە.
نزیکەی 50 قوتابخانەی کوردی لە بەریتانیا هەن کە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە منداڵانی کورد دەتوانن خۆیان فێری زمانی دایک بکەن.