حکوومەتی تورکیا باجی نوێ لەسەر هاووڵاتییان دەسەپێنێت

K24 - هەولێر:
پاکێجی چاکسازی لە باج و دەرامەت کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیاوە ئامادە دەکرێت، هەندێک باجی نوێ دێنێت کە بۆ یەکەم جارە ڕای گشتیی تورکیا گوێبیستی دەبێت هاوکات ڕەخنەیەکی زۆریشی بەدوای خۆی هێناوە بەوەی حکوومەت دەیەوێت لەسەر پشتی خەڵک، پارە کۆبکاتەوە و لە قەیرانی ئابووری ڕزگاری بێت.
پاکێجی چاکسازی لە باج و دەرامەت کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیاوە ئامادە دەکرێت، لە کۆتا قۆناغی ئامادەکاریدایە و بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەر بدرێت. چاودێرانیش باس لەوە دەکەن، حکوومەتی تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی وەرگرتنی باجی زیاتر لە خەڵک، قەیرانی ئابووری تێپەڕێنێت.
پاکێجەکە لە ئامادەکارییدایە و پێشبینی کۆمەڵێک باجی نوێ دەکرێت کە بریتین لە: بەرزکردنەوەی باجی گەشتیاری بۆ دەرەوەی وڵات لە 4.5 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار، بەرزکردنەوەی باجی پەینی کیمیایی بۆ 20% و ئالیک بۆ 10%، وەرگرتنی باج لە خاوەن ماتۆرسکیلەکان کە خەریکی کاری سەربەخۆن، وەرگرتنی باجی پێشینەی کار لە پارێزەر، پزیشک و ئەندازیارانی تەلارساز، هەڵگرتنی تایبەتمەندی باج لەسەر کانەکان، بەندەرەکان و ناوچەکانی پیشەسازی، دانانی باج لەسەر ئەو پرۆژانە کە حکوومەت و کەرتی تایبەت بە هاوبەشی دەیکەن بە رێژەی 30%، هەڵگرتنی بڕیاری لێخۆشبوون لە باجی ئۆتۆمبێلی کەسوکاری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
لەلایەکی دیکەوە، عومەر چەلیک، گوتەبیژی ئاکپارتی ڕایگەیاند، ئامانجیان قورسکردنی باری هاووڵاتییان نییە و ئاماژەی بەوەکرد: "ئەم باجانە بۆ بارگرانی زیاتری هاووڵاتییان نییە، هەوڵ دەدەین دادپەروەریی لە سیستمی باج فەراهەم بکەین. ڕەشنووسێکمان لەبەردەستە و دواجار ئیرادەی سیاسی بڕیار لەسەر مانەوە یان زیادکردنی خاڵی دیکە لە ڕەشنووسەکە دەدات. لەو سۆنگەیەوە هیچ شتێک بە فەرمی بڕیاری لەسەر نەدراوە، پێویستە هاووڵاتییان باوەڕ بە قسەی ورووژێنەر نەکەن".
ڕۆژی دووشەممە (24ـی حوزەیرانی 2024) کۆبوونەوەیەک لە نێوان محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا و شاندێکی باڵای جەهەپە بەڕێوەچوو، بەڵام کۆبوونەوەکە ئەرێنی نەبووە و دوای کۆبوونەوەکە هەردوولا یەکتریان بە سەپاندنی ئیرادەی یەکتر تۆمەتبار کرد.