کچە کوردێک مەشخەڵەی ئۆڵمپیکی پاریس هەڵدەگرێت

هەڵگرتنی مەشخەڵی ئۆڵمپیك
هەڵگرتنی مەشخەڵی ئۆڵمپیك

شیلان شەماڵ مستەفا کە کچە کوردێکی دانیشتووی فەرەنسایە رەزامەندی وەرگرت بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لەو کەسانەی بەنۆرە مەشخەڵی ئۆڵمپیکی پاریس هەڵدەگرن و ئەم مەشخەڵە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە دەگەیێننە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
شیلان لە دیالە لەدایک بووە و بەهۆی ئیش و کاری باوکییەوە لە چەند شارێکی جیاوازی عێراق ژیاوە، لە ساڵی 2005 باوکی شیلان لە لیبیا گرێبەستێکی ئیشکردنی بۆ دێت و لەگەڵ خانەوادەکەی روو لەو وڵاتە دەکەن، دواتر لەگەڵ خانەوادەکەی بڕیار دەدەن روو لە ئەوروپا بکەن و شیلان تەمەنی 14 ساڵان بوو ئەو کاتەی گەیشتنە فەرەنسا و لەوێ نیشتەجێ بوون.
شیلان لە خوێندن سەرکەوتوو بوو، بەڵام شوێنە راستەقینەکەی لە یاریگە وەرزشییەکان دۆزیەوە، شیلان لە تەمەنێکی بچووک یاریی بالەی کردووە و دواتر روو لە یاریی تایکواندۆ و کاراتێ دەکات و لەم یارییە بەردەوام دەبێت و مەشق و راهێنان دەکات، دوای ساڵانێک شیلان دەبێتە یەکێک لە پاڵەوانەکانی یاریی هونەرە جەنگییەکان.
ئەو بانگهێشتنامەیەی کە چاوەڕێی دەکرد گەیشتە لای شیلان لەگەڵ رێنماییەکانی جلوبەرگ و مێدالیایەک کە ناوی خۆی لەسەرە، بڕیاریشە لە 22ی مانگی داهاتوو شیلان مەشخەڵی ئۆڵمپیکی پاریس بۆ ماوەی 5 خولەک هەڵگرێت و دەبێتە مێژوویەکی گەورە بۆ ئەم کچە کوردە.

.