بە ملیارێک و 400 ملیۆن دینار بانکێک لە سیدەکان دروست دەکرێت
K24 - هەولێر:
سیستمی بانکی لە کابینەی نۆیەمدا، پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینوە و لەو چوارچێوەیەشدا لە قەزای سیدەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ ئاسانکاریی مامەڵەی هاووڵاتییان، کارەکانی دروستکردنی بانکێکی پێشکەوتوو بەردەوامە.
بانکی سیدەکان، بە گوژمەی ملیارێک و 400 ملیۆن دینار دروست دەکرێت و 95%ـی کارەکانی تەواو بووە؛ ئەمەش هاوکار دەبێت لە چەسپاندنی سیستمی بانکی لە ناوچەکە و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییانی دەڤەرەکە دەکات.
لەلایەن خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "تەواوبوونی بانکەکە خزمەتێکی گەورە بە هاووڵاتییانی قەزاکە دەگەیەنێت و کات و تێچووی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە".
هاوکات بەشێک لە هاووڵاتییانی قەزای سیدەکان ئاماژە بەوە دەکەن: "بانکەکە سوودێکی زۆری بۆیان دەبێت، چونکە وا دەکات چیتر بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، ڕێگەی دووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و شاری هەولێر نەبڕن".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گرنگی لە بەبانکیکردنی مووچە و بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی ناوە، لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من هەوڵ دەدرێت تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە.