نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 86 دۆلار بەرزبووەوە

نەوت و دۆلار - وێنە: رۆیتەرز
نەوت و دۆلار - وێنە: رۆیتەرز

K24 – هەولێر:

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ زیاتر لە 86 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی نزیک بە دوو مانگی ڕابردوو، نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دادەنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (27ـی حوزه‌یرانی 2024) یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی برێنت بە 86 دۆلار 43 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی تەکساسی ئەمەریکا گەیشتە 81 دۆلار و 74 سەنت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی کە ڕەنگە پچڕانی خستنەڕووی نەوتی خاوی بۆ بازاڕەکانی جیهان لێبکەوێتەوە، ئەمە جیا لەوەی بەدوور نازانرێت سنووری شەڕەکە فراوانتر بێت و وڵاتانی بەرهەمهێنەری سەرەکی نەوتی خاو بە تایبەت ئێران بگرێتەوە، هەروەها ئیسرائیل هێرشەکانی لە غەززە چڕکردووەتەوە و بەشداربووە لە زیادبوونی نیگەرانییەکان لە بازاڕی وزە.

وێڕای ئەوەی، ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، یەدەگی نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو بە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی پێشبینی بازاڕەکان بوو، دوای ئەوەی پێشبینی دەکرا بە دوو ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.

Fly Erbil Advertisment