لە پارێزگای دیوانیە دەیان قوتابخانە لە قوڕ و کەرەڤانە دروست کراون و مەترسی داڕمانیان لەسەرە

لە سنووری پارێزگای دیوانیە دەیان قوتابخانەی قوڕ و کەرەڤانە هەن، بە زستانان ساردن و هاوینانیش گەرم. کەسوکاری قوتابیان بەهۆی مەترسیی داڕمانی قوتابخانەکان لەوەرزی زستاندا لەناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە قوڕینەکانی پارێزگاکە دوو دڵن. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، پلانیان هەیە لەساڵی داهاتوودا هیچ قوتابخانەیەکی قوڕین لە پارێزگاکە نەهێڵن.

بەشێکیان لە قوڕ دروست کراون و بەشێکی دیکەیان لە کەرەڤانەدان، ئەمە دۆخی قوتابخانەی ئیشراقە لە یەکێک لە گوندەکانی شارۆچكەی شەنافییە لە پارێزگای دیوانیە، دانیشتوانی گوندەکە داوای ڕووخاندن و دووبارە بنیاتنانەوەی قوتابخانەکە دەکەن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆڵەکانیان هەیە.

ئەبو حوسەین، دانیشتووی گوندەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، قوتابییەکان بەشێکیان لە قوتابخانەی قوڕین و هەندێکیان لە کەرەڤانەدان، زۆریش دوورە لە ماڵەکانمانەوە، تەنها پۆلی یەک بۆ شەشی سەرەتایی لێیە و ئێمەش هیچ کەرەستەیەکی گواستنەوەمان لە گوندەکاندا نییە.

قوتابخانەکە بەشێوازی وانە گوتنەوەی جیاواز دەوام دەکات، سیستەمی دەوامی نۆرە، بەهۆی کەمیی مامۆستاوە بەشێک لە قوتابییەکان وانە دەخوێنن و بەشێکی دیکەیان چاوەڕوان دەکەن تا ئەوان تەواو دەبن

حامد داخل، دانیشتووی گوند، ئەم قوتابخانەیە ماوەی شەش ساڵە دروست کراوە بەڵام هێشتا لە کەرەڤانەدایە و بەڕێوەبەرایەتیەکەشی لەناو خانووی قوڕیندایە. بە زستان قوتابییەکان سەرمایان دەبێت و هاوینانیش زۆر گەرمە، کارمەندی تەواوی نییە و تەنها سێ مامۆستای هەیە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەڵێت، پلانیان هەیە لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە خۆیان لە قوتابخانەی خۆڵ رزگاربکەن.

محەمەد شخەییر غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەڵێت: لەچوارچێوەی کار و پلانەکانمان، لەساڵی داهاتووەوە هیچ قوتابخانەیەکی قوڕین لە پارێزگای دیوانییە ناهێڵین، بەپێی بڕیارێکی وەزیری پەروەردە دەست بەکارکردن لە 45 قوتابخانە دەکرێت.

قوتابخانەکە سەرباری خراپییەکەی نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە ناوەندی گوندەكەوە دوورە ئەمەش وای کردووە بۆ ھاتووچۆی قوتابییەكان ھێندەی دیكە سەخت بێت.

Fly Erbil Advertisment