بەهۆی بەنداوی چەمەرگە سەرچاوەی ئاوی گوندەکان بوژاونەتەوە
لە ئەنجامی تەواوبوون گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی چەمەرگە سەرجەم بیرو سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکانی نزیک لە بەنداوەکە ژیاونەتەوە کە پێشتر زۆربەیان وشکیان کردبوو.
ھاووڵاتیانی ئەو سنورە ڕایدەگەیەنن بەنداوەکە زۆر سوودی بۆ ھاووڵاتیان ھەیە. بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیھانییەکان دروست کراوە. بەرزی بەنداوەکە 17.5 مەترە، درێژییەکەشی 262 مەتر و پانیەکەشی زیاتر لە ھەشت مەترە
بەنداوی چەمەرگە بووەتە ھۆی بوژانەوەی بیر و سەرچاوە ئاویەکانی دەوروربەری، ھەڵبژاردنی شوێنی بەنداوەکە پرۆژەکەی ھێندەی دیکە گرنگ کردووە، گوندەکانی دەوروبەری بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری سودی لێ وەردەگرن
سوھاد، دانیشتوی گوندی کورداوایە کە یەکێکە لە گوندەکانی نزیکی بەنداوەکە بۆ کوردستان24 دەڵیت: "بە تەواوبوونی بەنداوەکە ھەموو بیرەکانمان پر ئاو بوون، لە 2017 بیرەکان وشک بوون. بەڵام ئێستە هیچ کێشەیەکمان نییە. سوودی زۆرە ئەگەر یەکێک هەبێت و خزمەتی بکات. لە ڕابردوودا بیری ماڵان زوو وشکی دەکرد، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەو بەنداوە هەمووی پڕ بووە".
بەنداوی چەمەرگە لە دەشتی بێستانەیە ، ئاوی باران گل دەداتەوە دەوربەری لە بێ ئاوی ڕزگار دەکات، بەنداوەکە بە گوژمەی چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیھانییەکان دروست کراوە.
بەرزی بەنداوەکە 17.5 مەترە، درێژییەکەشی 262 مەتر و پانیەکەشی زیاتر لە ھەشت مەترە.
لای خۆیەوە کاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گرنگیی ئەو بەنداوە بەرزییەکەی نییە، بەڵکو شوێنەکەیەتی کە ناوچەیەکی وشک و بێ ئاوە، بوونی ئەو زەریاچە بەو قەبارە گەورەوە سوودی زۆری بۆ ناوچەکە و ئاژەڵدارەکان و کشتوکاڵ و ئیکۆ سیستەمی ژینگەی ناوچەکە دەبێت.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات ئەو ناوچەیە لە ڕووی لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە سوودی لێ وەربگیرێت چ لە ڕیگەی ئاودێری بێت یاخود گەشتیاری.
دروستکردنی پۆند و بەنداوەکان جگە لەوەی گرنگە بۆ سامانی ئاوی ژێر زەوی، گرنگە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ماسی و کەرتی گەشتیاریش، دروستکردنی ئەم پۆند و بەنداوانە دەبێتە هۆی ڕێگری لەو گۆڕانکارییانەی کەشوهەوا کە ڕؤژبەڕۆژ گۆڕانکارییەکانیان لە هەرێمی کوردستان کارییگەرییەکانی زیاتر دەردەکەون.