دووەمین فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری و هونەری جیهان بە تابلۆ و شیعر و گۆرانی دەستی بە کارەکانی کرد

K24 – هەولێر:

دووەمین خولی فێستیڤاڵی رۆشنبیری و هونەری جیهان، بە دروشمی "پێکەوە ژیان" لە باخچەی رۆشنبیری جیهان بە بەشداریی تیپی گەنجانی میوزیکی رۆژئاوا و تیپی میوزیکی تورکمان و تیپی هونەری بەغدا و دەزگەی سورایا دەستی بە کارە هونەرییەکانی کرد و بڕیاریشە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

پێشانگایەکی شێوەکاری کرایەوە

لە دەسپێکی فێستیڤاڵە هونەرییەکەدا پێشانگایەکی شێوەکاری هاوبەش بۆ هونەرمەندانی رۆژئاوا و عەرەب لە گەلەریی جیهان ئارت کرایەوە، کە 30 تابلۆی ڕەنگینی لەخۆوە گرتبوو.

"دیالا حەمید" ئەندامی ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و بەرپرسی پەیوەندییەکانی چالاکییە هونەرییەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فێستیڤاڵەکە یەکەمین جارە بە بەشداریی هونەرمەندانی شێوەکار و میوزیکژەنانی رۆژئاوا بەڕێوە دەچێت، کە توانیوویانە داهێنان لە تابلۆ و ئاوازی ڕەسەنی کوردی بکەن و دەیانەوێت بە هەمووان بڵێن هەولێر لانکەی پێکەوەژیانی گشت نەتەوەکانە و لێرەشدا دەبێت بە هەمووان ڕێز لە سەرکردایەتی کورد و حکوومەتی هەرێم بگرین، کە توانیوویەتی ئەو کەشە سەقامگیر و هونەرییە بۆ ئێمە بڕەخسێنێت.

گەنجانی رۆژئاوا هەولێریان پڕکرد لە ئاواز و گۆرانی

تیپی گەنجانی رۆژئاوا یەکەم ژوانی هونەرییان لەگەڵ هەولێر بەست و لەم فێستیڤاڵەدا چەند پارچە میوزیکێکی هونەری و گۆرانییە ڕەسەنە کوردییەکانی باشوور و رۆژئاوایان بە شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی چڕی و بوون بەجێی سەرنجی میوانانی فێستیڤاڵەکە.

قەڵغانی ڕێزلێنان بە وڵات جەلال بەیار بەخشرا

لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکەی فێستیڤاڵەکەدا بڕگەیەکی تایبەت بە ڕێزگرتن لە تەمەنی هونەری هونەرمەندی کوچکردوو "جەلال بەیار" دیاریکرابوو، دوای خوێندنەوەی پارچە شیعرێکی شاعیری ناسراوی کورد "سەرکەوت رەسوڵ" قەڵغانی ڕێزلێنان بەخشرایە "وڵات جەلال بەیار"، کە دوێنێ 12 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە تێپەڕی و لە کاتی وێنەگرتنی درامای مێژوویی گەردەلوولدا گیانی سپارد.

قۆریاتی تورکمانی وەک بەشێک زیندوو لە هونەری هەولێردا

هونەرمەند "سەردار ئیحسان" وەک تاکە هونەرمەندی تورکمان و بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا چەند قۆریاتێکی هەولێرییانەی بە باڵای بەرزی منارە گوت و تیمی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان لەگەڵ دەزگەی ڕۆشنبیری زانکۆکانی جیهان رێککەوتنێکی هونەرییان واژۆکرد، کە لە خولی داهاتووی فێستیڤاڵەکەدا چەند پرۆژەیەکی هاوبەشی هونەری پێشکەش بکەن.

س
ک
پ
پ