سایلۆی هەڵەبجە توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی دەبێت

لە پارێزگاى هەڵەبجە سایلۆیەک دروست دەکرێت کە دەتوانێت زیاتر لە 40 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگاکە وەربگرێت. وەبەرهێنەرانى کشتوکاڵى هەڵەبجەش کردنەوەی سایلۆکە بە "گرنگ و پێویست" دەزانن. 

لەسەر ڕووبەرى 52 دۆنم زەوى، سایلۆیەک لە هەڵەبجە دروست دەکرێت. پرۆژەکە ناوى "سایلۆى ستیلى 40 هەزار تۆنى و 10 کۆگایە". دروست کردنى ئەم سایلۆیە بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەرانی ناوچەکە گرنگیی زۆری هەیە.

 فەرەیدوون نامدار، وەبەرهێنەرێکى کشتوکاڵییە، یەکەم کەس بووە لە هەڵەبجە ساردخانە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بکاتەوە. ساڵانێکە بیرۆکەی دروستکردنی سایلۆکەی داوەتە حکوومەت و پێشنیازی کردووە حکوومەت زەمینەسازی بکات خۆی گەنمی جووتیاران وەربگرێت بیفرۆشێت بە وڵاتانی دیکە.

ئەو وەبەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "ساڵی وا هەبووە 60 تۆن و ساڵیش هەبووە 100 تۆن گەنمان هەبووە، بەڵام ئەم 60 تۆن و 100 تۆنە ئێمە دەستبەجێ داومانەتە بریکارەکانمان و فرۆشتویەتی؛ چونکە کەسێک نەبووە ڕاستەوخۆ وەریبگرێت، بەڵام ئێستا  بەهۆی کردنەوەی ئەم سایلۆوە دەتوانین ڕاستەوخۆ بەرهەمی خۆمان بۆ زیاتر لە هەزار تۆن زیاد بکەین".  

وەکوو ئەوەی فەرەیدوون نامدار باسی کرد، "کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران، زۆر هاوکار و هەماهەنگی کەرتی کشتوکاڵن. پێمان وایە وا بەردەوام بێت بۆ ساڵانی 2026 و 2027 کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان دەبێتە سەبەتەیەکی خۆراکی بۆ هەموو ناوچەی کەنداو و بۆ یەکێتیی ئەوروپاش. هەمووان ڕوو لەم ناوچەیە دەکەن، چونکە خواردنەکانمان زۆر زۆر باشن".

پرۆژەى ئەم سایلۆیە لە ماوەى 700 ڕۆژدا تەواو دەبێت و بودجەکەى 27 ملیار و 204 ملیۆن و 200 هەزار دینارە. جگە لەم پرۆژەیە لە هەڵەبجە پێنج پرۆژەی بەخێوکردنی مانگا هەیە لەگەڵ  پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە و  پڕۆژەی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی و ئاو و میوە، هەروەها پرۆژەی دروستکردنی کارخانە بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە سەرجەمیان پرۆژەى گرنگ و ستراتیجین.

ستار مەحموود، بەڕێوەبەرى گشتیی کشتوکاڵى هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "کۆمەڵێک پرۆژەی ستراتیجیی و گرنگ لە بواری کشتوکاڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە جێ بەجێ کراون. ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی پرۆژەی سایلۆی هەڵەبجەین کە پرۆژەیەکی ستراتیجی و زۆر گرنگە بۆ جووتیاران و بۆ خەلکی ناوچەکە".

بە کردنەوەی سایلۆی هەڵەبجە، پارێزگاکە لە بواری کشتوکاڵی دەچێتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو، چونکە سایلۆکە شوێنی زیاد لە 40 هەزار تۆن گەنمی تێدا دەبێتەوە و ئاسانکاریی زۆر بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەرانی کشتوکاڵی دەکات و بەدەر لەوەش دەتوانێت سەدان هەلیکار بڕەخسێنێت.