پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم
پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت. سەرۆکوەزیران بەردەم جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی جووتیاران.
پێش زیاتر لە چوار ساڵ، جووتیاران نائومێد بوون چونکە بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا، ساغ نەدەبووەوە. هاوکات ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمبوونی بەرهەم. ئەوەی هەش بوو، بەشی پێداویستی ناوخۆیی نەدەکرد و کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراویش وای کردبوو، بەرهەمی خۆماڵی خواستی کەمتر لەسەر بێت. بۆیە جووتیاران ناڕازی بوون و بەرهەمەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێ دەدا.
بەرزبوونەوەی قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ
بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بەهۆی پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8%ـەوە بۆ زیاتر لە 9%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە.
جێبەجێکردنی پرۆژەی کشتوکاڵی
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 175 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە شار و شارۆچکە جیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کابینەی نۆیەمەوە جێبەجێ کراون. لەو چوارچێوەیەدا، نزیکەی 25 هەزار بیری ئاو هەڵکەندراون.
لەماوەی ئەم کابینەیەدا، خەمە گەورەکەی جووتیاران ڕەوێندرایەوە ئەویش بە دروستکردنی گەورەترین پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران کە بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی زیاتر لە 12 سایلۆی نوێ و 27 پەنکەر بە توانای عەمبارکردنی نزیکەی 900 هەزار تۆن گەنم.
هەناردەکردنی بەرهەمی جووتیاران
چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.
جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتی جووتیاران، ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، ساڵی 2022 بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرەین، بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و ڕاشیی کونجی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ڕەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیان دەژین، خواستی زۆری لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و دۆشاوی تەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە.