ساسان عەونی: ئێستە کوردستان خاوەنی شەش کۆدی بیناسازییە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەکابینەی نۆیەمدا بایەخ بە پلانی شارەکان، فراوانبوونی و نەخشەڕیژی شارەکان بۆ چۆنییەتی فراوانبوونیان دراوە.
یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی گرنگی ڕۆڵی نەخشە دانانی ئاوەدانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، یەکەمین کۆنفرانسی نەخشەدانانی ئاوەدانییە لە تەمەنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کرابێت، نەخشەدانانی ئاوەدانی کەرتێکی گرنگی کارەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، لە کابینەی نۆیەمدا بایەخ بە پلانی شارەکان، فراوانبوونی شارەکان و نەخشەڕیژی شارەکان بۆ چۆنییەتی فراوانبوونی کراوە.
بەگوتەی ئەو وەزیرە، "ماوەی چوار مانگ دەبێت، زۆر بەچڕی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لیژنەیەکی تایبەت کار لەسەر ئامادەکارییەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکات. هەروەها بیر لە وردەکارییەکان کراوەتەوە، یەکێک لەوانە ئەو پاکێجەیە کە پێشکەش میوانان دەکرێت کە دۆستی ژینگەیە، هەوڵمان داوە بەباتێک بکەین کە جیاواز بێت. یەکێکیش لە ئەرکەکانی نەخشەدانان بابەتی گەشەپیدانی بەردەوامە، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بابەتی فەرهەنگی ئەو ماددانەی بەردەوام دەتوانرێت سوودیان لێ ببینرێت و دۆستی ژینگە بێن و دواتریش ڕیسایکلین بکرێن".
سەبارەت بە نەخشەی بیناسازی، ئایا ڕەچاوی بیناسازی و ستانداردە جیهانییەکان کراوە کە ئێستە کاری لەسەر دەکرێت، لە گەرما و سەرما و دژە ئاگر؟ لە وەڵامدا ئەو وەزیرە دەڵێت "ئەو بابەتە یەکێکە لە تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە کە قسەی لەسەر دەکەین، بە بەردەوامیش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کاری لەسەر کراوە و یەکێکە لە بەرنامەکانی کاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بۆ ئەو بابەت لە چەندان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باس کراوە و قسەی لەسەر کراوە. بۆ ئەو بابەتە کۆمەڵێک کۆدی بیناسازی و ڕێنمایی هەیە، کە لە ڕابردوودا پیادە کراون ئێستەش پیادە دەکرێن، و لە داهاتووشدا دەبێت بەرەوە پێش ببردرێت. کاری ئێمە و ناوەندەکان ئەوەیە بەردەوام چاکسازیی لەو کۆد و ڕێنماییانە بکەین، بۆ ئەوەی ئەو ستانداردە جیهانییانە لە کوردستانیش پەیڕەو بکرێن، تاکو سەلامتی گشتی و تەندروستی گشتیی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی تێیدا ڕەچاو بکرێت".
دەشڵێت: "ئێستە کوردستان خاوەنی شەش کۆدی بیناسازییە، ئەوەی تایبەت بێت بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، دەیان ڕێنمایی و دەیان فەرمانی وەزاریی تایبەت بەو بوارە هەیە. یەکێکیش لەوانە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەلارسازی و فراوانبوونی شارەکان، هاتنی جۆرە بیرۆکەی جیهانی بۆ پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و فراوان بوونی شارەکانمان هەیە".
ساسان عەونی ڕاشیگەیاند "لە هەرێمی کوردستان خاوەنی سەدان نەخش و نیگار و جۆری دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکانمان بووین لە ڕابردوودا، ناکریت ئەوە لەگەڵ شالاوی تەلار سازی و بیناسازیی مۆدێرن فەرامۆش بکرێن؛ بۆیە ئەرکی حکوومەت و ئەرکی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانە، ئەرکی تەلارساز و ناوەندە تەلارسازەکانیشە بتوانین سوود لەو فەرهەنگ و بۆماوە بیناسازییە وەربگرین، لەگەڵ پێشکەوتنی بواری تەلار سازی ئەمڕۆ بیگونجێنین. خاڵێکی گرنگیش ئەوەیە کە برتییە لە شوناس و ناسنامەمان تەلارسازیمان لەو شاڵاوە ون نەبێت، بتوانین پارێزگاری لێ بکەین".
ئەو وەزیرە ئەوەشی خستە ڕوو، "هەر شارێکمان خاوەن جوگرافیا تۆپۆگرافیا کەشوهەوا و شێوەی ژیانی تایبەتی خۆیەتی، شارەکانمان هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی جیاکەرەوەی هەیە، هەر شارێک و شارۆچکەیەک تایبەتمەندی و سیمای خۆی هەیە، واتە خاوەن فەرهەنگێکی تەلارسازی، خاوەن فەرهەنگێکی دەوڵەمەندین. ئێمە دەتوانین بە پاراستنی ئەو تایبەتمەندییەی سیمای شارەکان دوو ئامانج بپێکین، فەرهەنگی تەلارسازییەکە دووبارە بکەینەوە لەگەڵ پاراستنی ئەو فەرهەنگەی لە شارەکان کە هەیە لەگەڵ ئەو کەلوپەلانەی کە هەیە لە بەکارهێنانی تەلارسازی".
هەروەها، "کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەت هەیە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بۆ پاراستنی ئەو تایبەتمەندی و فەرهەنگی بیناسازی و شوێنەوارە مێژووییانەی کە هەمانە".
سەبارەت بە ماستەر پلانی شارەکان ئەو وەزیرە گوتی، "ماستەرپلانی شارەکان زۆر گرنگە وەزارەتی شارەوانی خۆی کاری لەسەر دەکات، هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێر بە هاوکاریی ڕێکخراوی جایکا ماوەی دووساڵە کاری لەسەر دەکرێت و هیوادارین لە نیوان مانگی هەشت بۆ 10ـی ئەمساڵ هەمووارەکە تەواو ببێت، ڕادەستی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی شاری هەولێر بکرێت، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا "لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی داوە بە زووترین کات ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە بەزووترین کات دەستپێبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارەی پێویست لەلایەن نووسینگەکەیانەوە تەرخان کراوە، ئیستە ئێمە خەریکی کارکردنین لەگەڵ کۆمپانیایی دیاری کراو بۆ دروستکردنی ماستەر پلانی هەڵەبجە، زۆربەی کارە ئیدارییەکان تەواو کراوە لە مانگی حەوتیش دەستدەکریت بە ئیمزاکردنی ماستەر پلانی هەڵەبجە و لە هەمان مانگدا کۆمپانیایی دەستنیشان کراو دەست بەکارەکانی دەکات، بۆ دروستکردنی ئەو ماستەر پلانە".
هەروەها بەردەوام کار لەسەر دابەشکردنی زەوییەکان فەرمانبەران دەکرێت، لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، هەموو سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی ئەو شوێنانەیەن دەستنیشان کردووە کە ئەوەی لەناو ماستەر پلانی شارەکانیان هەبووە، ئیستە زەوی پیویست لەلایەن شارەوانییەکانەوە دابین کراوە، ئەوەی گرنگە ئەو فۆرمەی کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ئامادە کرابوو، سەرۆکایەتیی دیوان لە ئەنجوومەنی وەزیران گشتاندنی پێ کراوە بۆ هەموو وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بۆ فەرمانگەکانی دیکەیان گشتاندنیان پێ کردووە.
ساسان عەونی گوتیشی، "ئەو فەرمانبەرانەی کە هەن، دەتوانن سوودمەندبن لەو ڕێنماییانە، ناوی خۆیان تۆمار بکەن، لەکاتی بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دەرکردنی فەرمانی تەرخانکردن، بۆ وەزارەتی شارەوانی دەگەڕێتەوە و ئێمەش کاری لەسەر دەکەین".