ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە

پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 30-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی شارەکە.
پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە بێت، لە نزیکەوە چاوی بە بەروبوومی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوت و پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جووتیاران دووپات کردەوە و گوێی لە داواکارییەکانیانی گرت.
سایلۆی هەڵەبجە بە گوژمەی 27 ملیار و 204 ملیۆن و 200 هەزار دینار لەسەر ڕووبەری 52 دۆنم زەوی دروست دەکرێت و توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، لەگەڵ 10 کۆگە بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵەکان، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە 700 ڕۆژ دیاریکراوە.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا کە "هەرچەندە زیاتر لە دە ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە، بەڵام بە داخەوە تا ئێستاش ڕێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی ، وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجە بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر ڕۆژە و سەردانی ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەکات و بەردی بناغەی پرۆژەیەکی کشتوکاڵی دادەنێت. سەرۆکوەزیران بەردەم جەختی لەوە کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کابینەی نۆیەم، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە و بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی جووتیاران.
پێش زیاتر لە چوار ساڵ، جووتیاران نائومێد بوون چونکە بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا، ساغ نەدەبووەوە. هاوکات ئەمەش هۆکار بوو بۆ کەمبوونی بەرهەم. ئەوەی هەش بوو، بەشی پێداویستی ناوخۆیی نەدەکرد و کێبڕکێی بەرهەمی هاوردەکراویش وای کردبوو، بەرهەمی خۆماڵی خواستی کەمتر لەسەر بێت. بۆیە جووتیاران ناڕازی بوون و بەرهەمەکانیان لەسەر شەقامەکان فڕێ دەدا.
بە گوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بەهۆی پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران، قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8%ـەوە بۆ زیاتر لە 9%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە.